عەمار حەکیم: بەدیهێنانی سەقامگیری تەنها ئەرکی حکومەت نییە/عێراق نیازپاکی خۆی بۆ جیهان سەلماندووە
ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە سەقامی پاوەجێ تەنها دەرئەنجامی ئەدای حکومەت نییە، بەڵکو پێویستە هەموان بە حکومەت و هێزە سیاسییەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتیشەوە بەشداری بکەن لە بەدی هێنانیدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئیرنا، "سەیید عەمار حەکیم" ڕابەری بزوتنەوەی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ "هادی عامری"، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، پێشهاتە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی، بەتایبەتی لە کەرتی خزمەتگوزاری و هەروەها ڕێگاکانی بەهێزکردن و پاراستنی یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگیی هێزە سیاسییە شیعەکان و هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت"ی لێکدایەوە.
لەم دیدارەدا حەکیم جەختی لە خێرایی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی وڵات و پاراستنی مافی هەمووان و هەروەها گرنگیی هەماهەنگیی بودجە لەگەڵ ئەولەویەتەکانی حکومەت کردەوە.
حەکیم ئاماژەی بە گرنگیی هەوڵدان بۆ بەدی ھێنانی دۆخێکی سەقامگیر و هەمیشەیی وڵات کرد و وتیشی: سەقامگیری تەنها دەرئەنجامی ئەدای حکومەت نییە، بەڵکو دەبێت هەمووان بە حکومەت و هێزە سیاسییەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتیشەوە بەشداری بکەن لە بەدی هێنانیدا.
عەمار حەکیم جەختی لە گرنگیی سیاسەتی دەرگای کراوەی عێراق لە ھەڵس و کەوت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە و وتی: عێراق نیازپاکیی خۆی سەلماندووە و نیشانی داوە کە پشتیوانی لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەکات لە ڕێگەی دیالۆگ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لە هەموو شوێنێک.
ڕابەری بزوتنەوەی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق هەروەها وتی: باشتربوونی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیی وڵات، تێڕوانینی جیهان بەرامبەر بە عێراقی گۆڕیوە.