پەیامی سودانی بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان
لە ساڵیادی ئەنفالدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی فەرمی بڵاوکردەوە و هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی بارزانییەکان و بەتایبەت مەسعود بارزانی دەربڕی
موحەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵیادی ٤٢ ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان، لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی مەسعود بارزانی، ڕایگەیاندووە کە: چل و دوو ساڵ بەسەر پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی سەدام بۆ سەر کوردەکان و کۆمەڵکوژییەکەیان کە بە ئەنفال ناسراوە، تێدەپەڕێت، پەلامارێک کە پیر و گەنج و ژن و پیاو و تازە لاوان و بنەماڵەی بارزانییەکانی کردە ئامانج. ئەم تاوانانە کە بووە هۆی ئاوارەبوون و بێسەروشوێنکردنی هەشت هەزار کەسی بێتاوان بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، بەڵگەیەکی ڕوونن لەسەر دیکتاتۆرییەت و خوێنمژیی ڕژێمی ڕووخێنراوی بەعس. سودانی لە کۆتاییدا وتی، ئێمە لەبەر گیان لەدەسداوان و ئەو خوێنە پاکانەی کە هاوکات لەگەڵ خوێنی هەموو عێراقییەکان ڕژا ، ئێمە لەو سەردەمە تاریکە دا ڕزگارمان بوو و لە ژێر سێبەری سیستەمی دیموکراسیدا بەرەو ئازادی و دادپەروەری هەنگاومان ناوە.