جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ: رێککەوتنی نەوت بەبێ گۆڕانکاری درێژکرایەوە
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ سێ مانگ درێژکراوەتەوە.
. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، گوتی: "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا نەکراوە." جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بە شێوەی "سێ مانگ بە سێ مانگ" دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجەی نوێ پەسند دەکرێن. روونیشیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان نەکراوە و مەرجەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. سەبارەت بە بڕی هەناردەکردن، د. حەمدی شنگالی ئاشکرای کرد: "ئێستا تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ ناوخۆ تەرخان کراوە."