کانونی یه‌که‌م 03, 2020 11:15 Asia/Tehran
  • بەردەوام کرانی سەرکەوتنی زۆران لە کێبەرکێ گرینگەکاندا پێویستی بە سەرنجدانی ئاستی تەمەنی وەرزشوانانە

سەرۆکی فیدراسیۆنی زۆرانی ئێران وتی: تەنیا ڕێگای پارێزرانی جێ و شوێنی ئەم چالاکییە وەک وەرزشی یەکەمی وڵات و بەردەوامیی دەستخستنی میدالیا لە کێبەرکێ ئاسیایی ، جیھانی و ئۆلەمپییەکاندا پێویستی بە سەرنجدانی ئاستی تەمەنی بناغە و دۆزینەوەی کەسانی خاوەن بەھرەیە.

«عەلیڕەزا دەبیر» ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی سەرۆک کۆڕەکانی شارستانی گوڵستان وتی: کاری ڕاھێنان لە زۆران دا بە تایبەت لە ئاستی تەمەنی بناغە، ئاوێتەی ئەوین و تاسەمەندییە و ئەگەر بێتو ڕوانگەیەکی درێژماوەمان ھەبێت و بەدوای کەسانی خاوەن بەھرەدا بگەڕێیین، ئەوسا دەتوانین ھیوامان بە داھاتووی ئەم بوارە وەرزشییە لە شارستانەکاندا ھەبێت.

ناوبراو بە دەربڕینی ئەمەی کە تەیاربوونی ڕاھێنەرانی لاوی گوڵستان بە زانستی ڕۆژ لەپاڵ بەکارھێنانی ئەزمون دەتوانێ ڕێگای دۆزینەوەی کەسانی خاوەن بەھرەو ناساندنیان بە تیپی نیشتیمانی کورتتر کاتەوە و زۆرانی ئەم پارێزگایە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی جارانی و دەستخستنی میدالیای جۆربە جۆر.

سەرۆکی فیدراسیۆنی زۆرانی ئێران ئاماژەی کردە سەردەمی ناودارانی پێشووی وەرزشی زۆرانی پارێزگای گوڵستان و وتیشی: لە ئێستادا زۆرانی ئەم پارێزگایە مەودای زۆری لەگەڵ ئەو سەردەمە درەوشاوەیەدا گرتووەو پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی بناغەییە. ئەو بارستاییەی لە ھێندێک لە ناوچەکانی ئەم پارێزگایە حەشار دراوە بۆ بووژاندنەوەی زۆرانی ناوچەکە حاشای لێ ناکرێت، بەڵام گۆڕینەوەی ئەم بارستاییە بە دۆزینەوەی کەسانی خاوەن بەھرە پێویستی بە ھەوڵی زیاتر و بەرنامەی ڕێکمەندو بەردەوامە.

سەرپەیڤ