کانونی یه‌که‌م 09, 2020 03:33 Asia/Tehran
  • کۆڕێک بۆ یادگارێکی «جەلالی مەلەکشا» دەگێردرێت

بڕیاره‌ ئەمڕۆ چوارشەممە‌ له‌ کتێبخانه‌ی ئاشتیی ھەولێری ھەرێمی کوردستان، کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی «پیره‌دار» ساز بکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان ، چەند ڕۆژێک لەمەو پێش و بەرلە سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکان لە ھەرێمی کوردستان وا بڕیار بوو کۆڕێک بۆ ناساندنی شاعیرو نووسەری سنەیی خوالێخۆشبوو«جەلال مەلەکشا» بەڕێوە بچێت و لەم پەیوەندییەدا «ئاشتی شێرکۆ» به‌ڕێوه‌به‌ری کتێبخانه‌ی ئاشتی ڕایگه‌یاند بوو: ڕۆژی چوارشه‌ممە نۆی کانوونی یه‌که‌م، سه‌عات سێی دوای نیوەڕۆ له‌ کتێبخانه‌ی ئاشتی له‌ شاری هه‌ولێر له‌ بازاڕی «داون تاون» له‌ نهۆمی دووھه‌م، به‌پێی ڕێنوێنییه‌ ته‌ندروستییه‌کان، کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی پیره‌دار ساز ده‌کرێت.

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند بوو کە: به‌ بۆنه‌ی چله‌ی ماته‌مینیی کۆچی دوایی شاعیری ناوداری کورد« جه‌لال مه‌له‌کشا»، ناوه‌ندی چوارباخ به‌ هاوکاریی کتێبخانه‌ی «ئاشتی» له‌ هه‌ولێر کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی «پیره‌دار» ساز ده‌کات. کتێبه‌که‌یش به‌دیاری ده‌به‌خشرێته‌ ئاماده‌بووان.

«جه‌لال مه‌له‌کشا» له‌ ساڵی ١٩٥١ له‌ دایک بووه‌، له‌ ٣١ی تشرینی یه‌که‌می ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کرد، ئەم خاوەن قەڵەمە کوردە به‌ کوردی و فارسی شیعری نووسیوه‌ و شیعره‌کانی بۆ چه‌ند زمانی پڕخوێنه‌ری دنیا هاتوونه‌ته‌ وه‌رگێڕان.

سەرپەیڤ