گەنجێکی کورد فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر شمشاڵ سازکردووە
نوێترین بەرهەمی هونەرمەند پەرویز ڕۆستەمی، وێنەگر و دەرهێنەری ناسراوی کوردستانی بە ناوی " حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس" ڕوونوێنی کرا.
پەرویز ڕۆستەمی لە گفتوگۆ لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر وتی: فیلمی دیکۆمێنتاریی حەوت سامفۆنیای زاگرۆس نوێترین بەرهەمی منە کە دوو ساڵ پێوەی سەرقاڵ بووم. کارێکە لە سەر حەوت مەقامی مۆسیقایی یەکێک لە کۆنترین ئامێرەکانی مۆسیقای کوردی واتا شمشاڵ؛ کە بە شێوازێکی جیاواز لە سەری کار کراوە.
وتیشی: ڕەقەمی حەوت لە هەموو ئایین و ئایینزاکاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و لە نێو کوردەکانیشدا فەلەسفەیەکی تایبەتی هەیە و لەم بەڵگە فیلمەدا تێکەڵ دەبێت بە حەوت مەقامی مۆسیقایی کۆنترین ئامێری مۆسیقایی کوردی واتا شمشاڵ.
ڕۆستەمی ئاماژەی دا کە ئەم بەڵگە فیلمە لە سەر ژیانی ژەنیارێکی گەڕۆکی ئامێری شەمشاڵە کە تەمەنی 85 ساڵە و لەم فیلمە دێکۆمێنتاریەدا ئێمە لە ژیانی ئەم کەسایەتیەوە دەچینە ناو ئەو حەوت مەقامە مۆسیقاییە .
ئەم دەرهێنەرە ڕوونیکردەوە کە پێش ئەوەی بچینە ناو ژیان و کەسایەتی کاراکتێری فیلمەکەمان سەرەتا بە مۆنۆلۆگ لە گەڵ مێژوو و پێگەی ئەو ئامێرە لە کوردستاندا ئاشنا دەبین و دواتر دەچینە ناو حەوت مەقامی مۆسیقایی شمشاڵ کە لە مەقامی سەحەریەوە دەستپێدەکات و بە مەقامی چەمەری کۆتایی دێت.
ئەوەشی وت کە ئامانجمان ئەوە بووە لەم بەڵگە فیلمەدا نیشانی بدەین کە ژیانی ئیمەی کورد بە مۆسیقا ڕەوایەت کراوە و کەلتور و فەرهەنگ و داب و نەریتی کورد بە تەواوەتی بە مۆسیقا و سروشت ڕەنگی گرتووە. لە کاتی بە دنیا هاتنەوە تا کاتی مردن مۆسیقا ڕەوایەتی ژیانمانی کردووە، لە تەواوی ئەو حەوت مەقامەدا ئێمە فەلسفەی ژیانی کوردێکمان نیشان داوە.
ڕاشیگەیاند کە کاری وێنەهەڵگرتنەوەی ئەم کارە لە پاوە دەستپیدەکات و نەوسوو و سوڵتان ئێسحاق و هەجیج و زۆربەی ناوچەکانی هەورامانی لهۆن دەگرێتەوە و لە کۆتاییدا دێتەوە هەورامانی تەخت چونکوو کۆنترین ئاخێزگای ئامێری شمشاڵ 3500 ساڵ لەمەو پێش و لە هەورامان بووە. ئەوەڵ جار لە پێشەی پەلەوەران دروست کراوە و ئەم ئامێرە حەوت بەندە کە دووبارە پەیوەندی هەیە بە حەوت مەقامەی مۆسیقاییەکەوە.
پەخشی جیهانیی ئەم بەرهەمە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە زۆربەی فستیڤاڵە بەناو بانگەکانی جیهاندا بەشداریی بکات.