May 03, 2022 03:27 Asia/Tehran
  • جێژنی ڕەمەزان، جێژنی نوێ بوونەوەیە

جێژنی ڕەمەزان شادی کردن بەدیار شوێن پێی کەسێکی ڕەوتەنی­ و ڕۆییشتوو نییە،ھەڵھاتنی ڕۆژێکی نوێ و چاوھەڵێنانی مرۆڤێکی نوێیە. دیارە ئەگەر لە جێژنی ڕەمەزان دا لەوە تێ نەگەین کە لە سەر لە نوێ لە دایک بووینە، ئەگەر تازەیی و گەشاوەیی لە ڕۆحی خۆماندا ھەست پێ نەکەین، جێژنی ڕەمەزان ئیدی جێژنی ئێمە نییەو ھیچ پەیوەندییەکیشی یە ئێمەوە نییە۔

جێژنی ڕەمەزان پاکترین جێژن و گەشاوەترین جێژنە،چونکو پاداشتی مانگێک عیبادەت و شتنەوەی گیان و ڕۆح لە چۆمی پاک و پیرۆزی ڕەمەزانە. بەڵام با بزانین کە حێژنی ڕەمەزان بە واتای کۆتایی ھاتنی ڕەمەزان نییە،جێژنی ھەڵھاتنی کەسایەتییەکی نوێ و پشکوتنی خونچەی مرۆڤێکی تازەیە، گەشانەوەی پولوی بڕوامەندێکی سەرکەوتوو لە نێو خۆڵەمێشی ڕابردوویەکی یەک مانگە،وەک قوقنوسێک کە چۆن لە خۆڵەمێشی خۆی دەژێتەوە، ڕەمەزان کورەیەکە کە ھەستیی مرۆڤ دەسووتێنێ و کەسایەتییەکی تازە لە ناخییەوە سەر ھەڵدێنێ.

جێژنی ڕەمەزان شادی کردن بەدیار شوێن پێی کەسێکی ڕەوتەنی­ و ڕۆییشتوو نییە،ھەڵھاتنی ڕۆژێکی نوێ و چاوھەڵێنانی مرۆڤێکی نوێیە. بڕیار وایە کە ڕەمەزان بە پارشێوو بەربانگەکانی، بەو شەوانەی قەدرو موناجات و نیاییشەکانیەوە مرۆڤێکی تازە لە ئێمە دروست کات، ئەگەر لە جێژنی ڕەمەزان دا لەوە تێ نەگەین کە لە سەر لە نوێ لە دایک بووینە، ئەگەر تازەیی و گەشاوەیی لە ڕۆحی خۆماندا ھەست پێ نەکەین، جێژنی ڕەمەزان ئیدی جێژنی ئێمە نییەو ھیچ پەیوەندییەکیشی یە ئێمەوە نییە۔

عاریفان لەو باوەڕەدان کە جێژنی ڕەمەزان یان ھەمان فیتر ڕۆژێکە کە خوداوەند لە نێو ڕۆژەکانی دیکە ھەڵیبژاردووە و کردوویەتی بە تایبەتی خەڵات کردن و پاداشت دان بە بەندەکانی خۆی و شانازیی ئەوەی پێ بەخشیون کە لەم ڕۆزەدا لە گردوپەڕی دا کۆ ببنەوەو بە سەر سفرەوخوانی کەرەمی زاتی ئەقدەسی ئیلاھی دانیشن و دابی ئەدەب و بەندایەتی بەجێ بێنن، چاوی ھیوا ببڕنە دەرکەی دەرگانەکەی و لە بەر ھەڵەشەکانیان داوای بەخشین و لێبوردن بکەن، پێداویستییەکانی لێ بخوازن و دیارە ئەویش بەڵێنی داونەتێ کە داخوازییەکیان لێی ھەبێ بۆیان جێبەجێ بکات و زیاتر لەوەشیان پێ ببەخشێ کە داوای دەکەن و لە سەرچاوەی میھرەبانی و دڵسۆزیی و بەندەنەوازیی خۆی ھێندەیان پێ ڕەواببینێ کە تەنانەت بیریشیان لێ نەکردبێتەوە. وەک چۆن ئیمامی عەلی(ع) لە خوتبەیەکی تایبەت بەجێژنی ڕەمەزانی پیرۆز فەرموویەتی کە: ئەی خەڵکینە ئەم ڕۆژە ڕۆژێکە کە چاکەکاران تیایدا خەڵات دەکرێن و زیانکاران و تاوانباران تیایدا نائومێدو ھیوابڕاو دەبن و دیارە ئەمەش ڕێک لە ڕۆژی قیامەتتان دەچێت، کەوا بوو بە چوونە دەرەوە لە ماڵ و وەڕێ کەوتن بەرەو شوێنی بەرپا کرانی نوێژی جێژن وەبیری ھاتنە دەرەوە لە گۆڕەکان و ڕۆییشتن بەرەو لای پەروەردگار و ئینجا بە دابەستنی قامەتی نوێژ وەبیری ڕاوەستان لە حزوری پەروەردگار و بە گەڕانەوە بەرەو ماڵەکانتان وەبیری گەڕانەوە بەرەو ماڵەکانتان لە بەھەشت دا بکەونەوە.

کەناڵی ئاسمانیی سەحەری کوردی ھاتنی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان لە ھەموو بڕواداران موبارەک و پیرۆز دەکات.

سەرپەیڤ