جەژنی ڕەمەزان؛ نوێژی جەژن، گەردەن ئازایی و ڕێوڕەسمەکانی تر
جەژنی ڕەمەزان جەژنێکی ئیسلامییە و لە ڕۆژی یەکەمی مانگی شەوال دەست پێدەکات؛ تێیدا موسوڵمانان ئاهەنگ دەگێڕن بەهۆی بەدەستخستنی توێشوو و خەیرێکی زۆر لە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووگرتن و عیبادەت و بەرزڕاگرتنی شەوانی قەدر، ئەمەش یەکێکە لە دوو جەژنە گەورەکەی موسوڵمانان کە ئەوی دیکەیان جەژنی قوربانە لە ڕۆژی دەیەمی مانگی ذی الحجەیە.
لە ساڵی دووەمی کۆچییەوە موسوڵمانان جەژنی ڕەمەزان دەگێڕن، دوای یەکەمین مانگی ڕەمەزان لە مێژووی ئیسلام لەو ساڵەدا بوو بە یەکێک لە جەژنەکانی موسوڵمانان.
لە ڕۆژی یەکەمی جەژندا ڕۆژووگرتن لە هەموو موسوڵمانێک حەرامە؛ چونکە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشییە و پێویستە بە گێڕانی شیرینی و سەردانکردن و خواردن و تێرکردنی سکی یەکتری و میوانداریکردن و گەردن ئازادکردن پیرۆز بکرێت.
بە فەرمی جەژنەکە یەک ڕۆژە، لەدوای ڕۆژاوابوونی کۆتا ڕۆژی ڕەمەزانەوە دەست پێدەکات بۆ خۆراوابوونی یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال؛ پێغەمبەر دەربارەی ڕۆژی ئاهەنگ و جەژنەکانی موسوڵمانان فەرموویەتی : "قدْ أبدلَکم اللهُ تعالَى بِهِمَا خيرًا مِنْهُمَا يومَ الفطرِ ويومَ الأَضْحَى" کە ترمذی و ئەبووداود ڕیوایەتیان کردووە واتە: "خوای گەورە قەرەبووی بۆ کردوونەتەوە بۆ دوو خەیر، کە جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربانن".
جەژنی ڕەمەزان بە پارەدان بە هەژاران جیا دەکرێتەوە کە پێش ئەوە لە مانگی ڕەمەزان هەرکەس و سەرفیترەی خۆی دەردەکا و دەیدات بە کەسێک کە پێویستی بێت، هەروەها زەکات و خەیر دەبەخشرێت بە کەمدەرامەتان.
یەکەمین کاری جەژنیش نوێژکردنی جەژنە کە دوای سێ چارەک لە خۆرهەڵاتن ئەنجام دەدرێت؛ لەوێش موسوڵمانان بە یەکتری دەگەن و داوای گەردەن ئازایی لە یەک دەکەن و جەژن لە یەکتری پیرۆز دەکەن. منداڵانیش بە جەژنانە و دیاری دڵخۆش دەکەن. لە جەژندا موسوڵمانان بەردەوام بە شیرینی و کێک و خواردنەوەی تایبەت پێشوازی لە یەک دەکەن.