درێژەی پەلاماری ویشکانیی و ئاسمانیی رژیمی زایۆنی بۆسەر فەلەستین
سێ ڕۆژ بەسەر ئاگربڕ لە غەززەدا تێدەپەڕێ و هێزەکانی بەرگریی شارستانیی خەریکی هێنانەدەری تەرمی شەهیدان لە ژێر دارووپەردووەکانن، بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە ژماری تەرمی ئەو شەهیدانەی لەژێر دارووپەردوو هێنراونەتەدەر، لە دەسپێکی ئاگربڕەوە، بۆ ١٣٧ شەهید زیادی کردووە. ئەوە لەکاتێک دایە کە لەئاکامی دەسدرێژکاریی بەرفراوانی سەربازیی رژیمی زایۆنی بۆسەر شار و ئوردوگای جنین هەتاکوو ئێستا، دوو فەلەستینی شەهید ولانیکەم ٢٥ کەس بریندار بوون.
لەکاتێکدا کە سێ ڕۆژ بەسەر ئاگربڕ لە غەززەدا تێدەپەڕێ و هێزەکانی بەرگریی شارستانی خەریکی هێنانەدەری تەرمی شەهیدان لەژێر دارووپەردووەکانن، هێزە داگیرکەرەکان هەروا درێژە دەدەن بە تاوانکارییەکانیان بە چەشنێک کە هێرشیان کردەسەر شار و ئوردوگای جنین کە بەهۆیەوە، دوو فەلەستینی شەهیدو لانیکەم ٢٥ کەس بریندار بوون. لە لێواری رۆژاواش ئەمڕۆ، شارۆچکەنشینانی زایۆنی بەپاڵپشتیی چەکدارانی رژیمی داگیرکەر، هێرشیان کردۆتەسەر دوو گوند لە باکوری لێواری رۆژاوا کە برینداربوونی ٢١ فەلەستینی بەدواوەبووە.
گوردانەکانی شەهیدانی ئەقساش ڕایگەیاند، خەباتکارانی لە چەند میحوەرەوە بەرەنگاری هێزی دەسدرێژکاریی زایۆنی بوونەوە. لەهەمان کاتدا حەماس ڕایگەیاندووە کە قۆناخی دووەمی پێک گۆڕینەوەی بەدیلگیراوان لەگەڵ رژیمی زایۆنی یەکشەممەی داهاتوو، جێبەجێ دەکرێ. بڕیار وایە لیستی گیراوانی رژیمی زایۆنی و دیلە فەلەستینیەکان رۆژی شەممە، بخرێتەبەردەست دوولایەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنێکدا، دۆخی فەلەستینی تاووتوێ کرد. سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتی: پێبەندبوون بە ئاگربڕ و جێبەجێکرانی بەوردیی بڕگەکانی لە کەرتی غەززە، زەروور و پێویستە. ئەنتۆنیۆ گۆترێش وتوویەتی: بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشان و برینداران دەبێ ڕێگەبدرێ هەموو یارمەتیی و کەرەستە پزشکییەکان بەتەواوەتی و ئازادانە بگاتە غەززە.
"ئەمیر سەعید ئیرەوانی" نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو دانیشتنەدا، جەختی کرد لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئاگربڕی غەززە بکرێ بە ڕێگاچارەیەکی هەمیشەیی و پاوەجێ کە ئەوەش، پەیوەستە بە چوونەدەری بەتەواوەتی هێزەکانی رژیمی ئیسرائیل، ڕەوانەکرانی بێ وەستانی یارمەتییە مرۆییەکان و ئامادەکرانی بەرنامەیەکی تۆکمەی بنیات نانەوە بۆ غەززە.