درێژەی تاوانکاریی رژێمی زایۆنی لە غەززەو لێواری رۆژاوا
رژێمی زایۆنیستی لە درێژەی تاوانەکانی هەروا هێرش دەکاتە سەر غەززەو لێواری رۆژاوای چۆمی ئوردون.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە لە کاتی دامەزرانی ئاگربەس لەو کەرتە، ٦١٨کەس شەهیدبوون. لە ڕاپۆری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززەدا هاتووە؛ نەخۆشخانەکانی ئەو کەرتە لەماوەی ٢٤کاتژمێری ڕابردوو، میوانداری نۆ شەهید بوون کە شەشیان لەژێر داروپەردوو هێنراونەتەدەر و چواریشیان بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەئاماژە بەوەی کە لە دەسپێکی ئاگربەسی غەززە لە یازدەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ـەوە تائێستا، ٦١٨ کەس شەهیدو ١٦٦٣ کەس بریندار بوون، هەروەها ڕایگەیاند؛ ژماری ئەو تەرمانەی لە یانزەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ـەوە تائێستا لە ژێر داروپەردوو هێنراوەتەدەر، گەیشتە ٧٣٢ کەس. بەم چەشنە ژوماری گشتیی شەهیدانی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە گەیشتە ٧٢هەزار و ٨٢ کەس و ژوماری برینداران بۆ١٧١هەزار و ٧٦١ کەس.
لەلایەکی دیکەوە، پاش درێژەی دەسدرێژکارییە سەربازییەکانی ئەمڕۆی سوپای رژێمی داگیرکەر لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی لێواری رۆژاوا، چەند فەلەستینی بریندار و ژومارێکیش قۆڵبەست کران. فەلەستین ئەلیەوم ڕایگەیاند؛ لە ناوچەی "عەبادیە" لە باشووری شاری ئەلخەلیل لەئەنجامی تەقەی چەکدارانی زایۆنی، کەسێک بریندار بوو. کۆمەڵەی مانگی سووری فەلەستینیش ڕایگەیاند؛ گەنجێکی تەمەن ٣٥ساڵان لە نزیک ناوچەی "یەتا" لە باشووری ئەلخەلیل، کەوتەبەر گولـلەی زایۆنییەکان و بەحاڵی شپرزەوە، گوێزرایەوە نەخۆشخانەو چوار کەس لە بریندارەکانیش کە بەهۆی لێدان و پێدادانی چەکدارانی زایۆنیستی لە گوندی "تەبقە" لە ناوچەی "دورا" زامدارببوون، گوێزرانەوە نەخۆشخانەیەکی حکوومی لەو ناوچەیە. چەکدارانی زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەروەها هێرشیان کردەسەر ژمارێک شارو گوند لەوان، شاری بەیت فوریک لە رۆژهەڵاتی نابلۆس، شارۆچکەی زاهریە لە باشووری ئەلخەلیل، شاری تفوح لە ئەلخەلیل و شاری قلقیلیە کە لەئاکامی ئەو پەلامارانەدا ژمارێک فەلەستینی بریندار بوون.