ئه‌یلوول 01, 2022 22:49 Asia/Tehran
  • گۆڕانکارییەکانی عێراق و دیار نەبوونی سەرۆکی پارتی دیموکرات

ئەمە چاوەڕوانییەکی نابەجێ نییە ئەگەر بە تەما بین لە پاش خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی ، بۆشایی نەبوونی بە ھاوسەنگەرو ھاوخەباتی بەڕێزی و بە پێشمەرگەیەکی دێرینی وەک ھێژا«مەسعود بارزانی» پڕ بکرێتەوەو سوکانی ھێورکردنەوە بە دەستەوە بگرێ و بانگەوازی دامەزرانی ئاشتی و بوژانەوەی دیالۆگ و دانوستان بۆ ھەموو لایەک بکات.

چەند ڕۆژێک بە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق دا تێ دەپەڕێ و ھەر کام لە لایەن و کەسایەتییە ھەڵکەوتەکانی ئەم وڵاتە بە کوردو عەرەب و شێعەو سوننەوە بە وتارو بروسکەو پەیام لە ھەوڵی ھێور کردنەوەی دۆخەکەو دانانی ھەتوانێک لە سەر ئەم برینە قوڵەن کە لە جەستەی کۆمەڵگاکەیان کەوتووە.

گومان لەوەدا نییە کە لەم دۆخەی ئێستادا عێراق لە کەسێک دەچێت کە لە نوێنی نەخۆشی کەوتووەو بە تەمای چارەسەرییەکی - ئەگەر نەڵێین پاوەجێ و بەردەوامە - لانیکەم کاتی و ژانبڕە. بەم پێیە وتەو ھەڵوێستی ھەرکام لەو کەسایەتییە سیاسی و ئایینیانەی  وڵات شوێن دانەر دەبێت و دڵخۆشکەرە. ئینجا یەکێک لەو کەسایەتییانەش کە بە دڵنیاییەوە سەنگ و قورسایی خۆی ھەیە، نەک ھەر لە ئاستی ھەرێمی کوردستاندا بەڵکو لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیش دا، بەڕێز «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە ھەتا ماوەیەک لەمەو بەر بە پەیام و دانوستان و ھاوپەیمانی لەگەڵ کەسایەتی و سەرۆک کۆتلەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت دیدار لەگەڵ نوێنەران و بەرپرسانی بیانیش ھەوڵی دەدا لە پێشبڕکێکانی ڕۆڵگێڕان دوا نەکەوێت و شوێنپەنجەی بە سەر ڕووداوو گۆڕانکارییەکانەوە دیار بێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دۆخی ئێستای عێراق دا کە بە ئاگروخوێن دا تێ دەپەڕێ و تەنانەت پێکدادان و تێکھەڵچوونی چەکداریشی لێ کەوتووەتەوە، بەڕێز «مەسعود بارزانی» سەرۆکی ھێژای پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای سەرھەڵدانی ئاژاوەکان لەم وڵاتە قەیراناوییەدا بە کورتە پەیامێکی بە ھەنگ و پەلە بەسەندەی کردووەو چی دی لە ھیچ ئاقارێکدا دیاری نییەو ھەر ئەمەش دەنگۆو چاوڕاکانی پەیوەست بە ناجێگیر بوونی باری تەندروستیی بەڕیزی و ڕەوانەکرانی بۆ ھەندەران پتەوتر کردووەتەوە.

بە دڵنیاییەوە لە کاتێکدا کە نەک ھەر ئەندامانی بنەماڵەی ھێژا «بارزانی»  کە دیارە خاوەن دەستەڵاتن و بڕیاردەری سەرەکین لە ئاستی ھەرێمی کوردستاندا، بەڵکو تەنانەت سەرۆکانی ئەو پارت و ڕەوتانەش کە جێگاوشوێنێکی ئەوتۆیان لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا نییە و کەچی ھەر کامەو بە جۆرێک ھەوڵی ئەوە دەدەن لە سەر شانۆی گۆڕانکارییەکان بمێننەوەو بوختانی بێ باکی و بێ دەربەست بوون لە خۆیان و لایەنەکەیان دوو خەنەوە،ئەم بێ ھەڵوێست بوونەی ھێژا «مەسعود بارزانی» ھیچ پاسایەکی بۆ نییە و جێی خۆیەتی کە لانیکەم ئەو بەشەی جەماوەری ھەرێمی کوردستان کە سەرسامن بە بەڕێزیەوە، سۆراخی سەرکردەکەیان لە بەرپرسانی پارتی و خزم و ئەقرەبای بەڕێزی بگرن و تەنیا بە بیستنی کورتەپەیامێک لە ڕێبەرێکی دیارو خاوەن خەبات و تێکۆشانێکی دوورو درێژ بەسەندە نەکەن. چونکو دیارە بە ھیچ کلوجێک ڕێی تێ ناچێ کەسایەتییەکی دیارو شوێن دانەرو، سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین و دەستەڵاتدارترین لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان کە لە قۆناغەکانی ڕابردوودا مۆرکی خەمساردی لە خۆی دوور خستووەتەوەو دڵسۆزانە ھەوڵی ھێور کردنەوەی بارگرژییەکانی داوەو تەنانەت بە گەرمی پێشوازیی لە کۆبوونەوەو برایەتی لەگەڵ سەرکردەکانی لایەنی خەنیم دا کردووە، ئا لەم ساتەوەختە پڕتەنگژەیەی عێراق و وەک وەفایەک بەرامبەر بەو نیشتیمانەی کە ھەرێمی کوردستانیش بەشێکی دانەبڕاوەیەتی و زۆر کەس بە دووری نازانێت کە ئاڵۆزییەکانی بەرەو ئەم ناوچەیەیش  تەشەنە بستێنێ، بێ دەنگەی لێ بکات و بێ ھەڵوێست بێت.

ئەمە چاوەڕوانییەکی نابەجێ نییە ئەگەر بە تەما بین لە پاش خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی کە ئێستاشی لەگەڵ دا بێ عێراق ئەو برایەتییەی نێوان کوردو عەرەب بە قەرزاری بەڕێزی دەزانێ، بۆشایی نەبوونی بە ھاوسەنگەرو ھاوخەباتی بەڕێزی و بەپێشمەرگەیەکی دێرینی وەک ھێژا« مەسعود بارزانی» پڕ بکرێتەوەو براگەورەی سەرکردەکانی ئێستای کورد ئازایانە بێتەوە مەیدان و سوکانی ھێورکردنەوە بە دەستەوە بگرێ و بانگەوازی دامەزرانی ئاشتی و بوژانەوەی دیالۆگ و دانوستان بۆ ھەموو لایەک بکات و جارێکی تر ئەوە بسەلمێندرێتەوە کە کورد ھەرچۆن لە بەرەوڕوو بوونەوەی سەددام و دوای ئەوەش تیرۆریستانی داعش پشتی برایانی خۆیانیان لە ناوەندو باشووری عێراق بەر نەدا، لەم ھەل و مەرجەی ئێستاش دا ھەر ھەمان دڵسۆزی و ئاشتی خوازی ڕەچاو دەکەن و لە ھەمبەر چارەنووسی نەتەوەی ئەو وڵاتەی کە بە باکوورو باشوورو ناوەڕاستیەوە پێکەوە گرێ دراوە، کەمتەرخەم و بێ دەربەست نین.

                                   بیرمەند نساری _ دانیشتووی ھەندەران

                                                                         

سەرپەیڤ