ئه‌یلوول 10, 2022 08:10 Asia/Tehran
  • دەرکەوتنێکی تازە

ئەدھەم بارزانی،،، ھەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕ ... یان .... سەرۆکایەتی کردنی پارتی دیموکرات.

ماوەیەک لەمەوپێش چەند ئەندامێکی بنەماڵەی «شێخ ئەدھەم بارزانی» بە نیازی گەڕانەوە لە ئێرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بوون کە لە سنووری حاجی ئۆمەران لە لایەن دەستەڵاتدارانی ھەرێمەوە ڕێگرییان لێ کراو تەنانەت بە بەرچاوی ئەو گەشتیارانەی کە لە سەر سنوورەکە لە ھاتوچۆدا بوون سوکایەتییان پێ کرا.

«شێخ ئەدھەم شێخ عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی» ھەر لە ماڵباتی بارزانیەو ئامۆزای ھێژا مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار. «شێخ ئەدھەم» لە ھەشتاکاندا سەرۆکی حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕ بوو کە لە حیزبوڵڵای سەرەکی دابڕاو بە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک لە گەنجە ڕۆشنبیرەکانی نێو حیزبوڵڵا کە ئەو کات بەڕێز «شێخ محەمەد خالید بارزانی» ڕابەرایەتیی دەکرد، لایەنێکی ڕۆشنبیریی_ ئایینی پێکھێنا.

لەو کاتەدا ڕۆڵی حیزبوڵڵا بۆ پارتی دیموکرات و بە دیاری کراوی بنەماڵەی بارزانی گەلێک گرینگ بوو ، چونکو وا ڕاھاتبوون ھەر پارت و لایەنێکی تازە کە لە کوردستاندا بە ڕوانگەو ئاراستەیەکی نوێ دادەمەزرا بۆ ئەوەی کاریگەری نەکاتە سەر پارتی و ڕاکێشانی ئەندامانی پارتیی بۆ لای خۆی لێ نەکەوێتەوە، دەستبەجێ پارتێکی ھاوشێوەوھاوتەریبی بە پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی پارتی دیموکرات بۆ دادەمەزراو ئا بەوجۆرە لە پرش و بڵاو بوونی ئەندامانی ئەم پارتە دێرینەی کوردستانی عێراق پێشگیری دەکرا. ڕەنگە ھێندەش لە ڕاستی بە دوور نەبێ ئەگەر بڵێین ئامانج لە دامەزرانی حیزبوڵڵاو دوابەدوای ئەوەش حزبوڵڵای شۆڕشگێڕ ھەر لەو ئاراستەیەدا بوو. بەڵام دواتر ئەم پارتە ئیسلامییەش وەک زۆرێک لە لایەنە ئیسلامییە کەم دەستەڵاتەکانی دیکەی کوردستانی عێراق لەوانە «لەشکری ئیسلامی»، «جوندوڵڵا»،  «جوندولئیسلام»،«لەشکری قورئان» و ھتد...کە بوون بە دەم زریانی ڕووداوەکانەوە باروبنەی ھەردووک پارتی حیزبوڵڵاو حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕ پێچرایەوەو زۆربەی ئەندامەکانیان یان بە تەواوی وازیان لە کاری سیاسی ھێناو تێکەڵی کاری بازرگانی و سات و سەودا بوون و یان لە نێو لایەنەکانی دیکەدا بە دیاری کراوی لە نێو لایەنی پارتی دا توانەوەو لە جەنگەی سیاسەتی پشک پشکێنەو خزم خزمێنەدا ھیچیان بەر نەکەوت.

لە حەوتەکانی ڕابردوودا کە دنیای سیاسەت و میدیا  دەرکەوتنێکی ئەوتۆو پەیوەست بە گۆڕانکارییەکانی باوی ئێستای عێراقی لە ھێژا «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نەدەبینی و تەنانەت جاروبار دەنگۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستیی بەڕێزی لە لایەن خەنیمەکانیەوە بڵاو دەبووەوە ، ورووژانێک لە نێو ماڵباتی بارزانی سەری ھەڵداو ھەریەکەو بە جۆرێک بیریان لە پڕکردنەوەی بۆشایی شیمانەیی ئەم سەرکردە دێرینەیەی کوردو بە دیاری کراوی پارتی دیموکرات کردەوە.

لە ئێستادا بنەماڵەی «شێخ ئەدھەم بارزانی» کە وەک دەنگێکی ئۆپۆزیسیۆن ناویان دەرکردووەو زۆرجار ھەڵوێستەکانیان بە پێچەوانەی ڕوانگەکانی پارتی دیموکراتە لە ھەوڵی تۆخ کردنی ڕەنگ و دەرکەوتنی زیاتردان و ئەگەر نەڵێین بە تەمان دەستەڵاتی عەشیرەیی لە بنەماڵەیەکی بارزانییەوە بۆ بنەماڵەیەکی دیکەی بارزانی بگوازنەوە، لانیکەم بێ مەیل نین لە ئاڵوگۆڕی شیمانەیی تازەدا خۆیان لە کاڵ بوون دەرباز کەن و لە پێوارو ڕۆڵی کارای سەرۆکی پارتی دیموکرات کە دیارە میراتبەرانیشی کەم نین، ڕۆڵێکی کاراتر بگێڕن.

لە تازەترین ھەنگاودا ھەواڵە کپ کراوەکان دەربڕی ھێندێک جم و جوڵن لە دەڤەری بارزان و ھەڵواسرانی وێنەو پۆستەرو دروشمی وەک «خۆشەویستی کوردستان» و«خەمخۆری گەلی کورد» لە بەرژەوەندیی «شێخ ئەدھم بارزانی»دا کە لەوانەیە بە سەرنجدانی ئەزمونی ڕابەرایەتی کردنی لە ساڵانی ڕابردوودا وەک ئالتێرناتیڤێک بۆ ھەرچەشنە ڕووداوێکی نەخوازراوو لە ناکاو چاوی لێ بکرێت.

لە پاش ڕیفراندۆمە سەرنەگرتووەکەی پارتی دیموکرات کە تەنانەت لەنێوخۆشی دا دەنگی بە پێچەوانەو نەیار لە بارەیەوە دەبیسترا، ھێژا «مەسعود بارزانی» بۆ ئەوەی لە ڕادەی ھەستیاری بەرامبەر بە خۆی و بنەماڵەکەی کەم کاتەوەو یان لانیکەم پارتەکەی لە ڕمی تیژی دەوڵەتی ناوەندی و وڵاتانی دراوسێ بپارێزێت، بە شێوەیەکی ڕواڵەتیانە گۆشەگیریی گرتەبەرو ئا بەمجۆرە ھەم بنەماڵەکەی لە ئاژاوەی ململانێی دەستەڵات پاراست وھەم میراتی سەرۆکایەتیی لە نێوان کوڕو کچ _ یان با بڵێین زاوا_ دابەش کردو بەم چەشنە ڕێگای لە پرش و بڵاو بوون و دڵئێشانی گردوپەڕییەکانی گرت و ددانچیڕکەی بەغداشی لە کۆڵی خۆی کردەوە. بەڵام لە ئێستادا سەرباری ئەو ھەموو ڕووداوانەی کە عێراق بە خۆیەوە دەیبینێ و سەرەڕای نزیک بوونەوەی وادەی گۆڕانکاری لە ھەرێمی کوردستان کە ھەر کام لە لایەنە سیاسییەکانی ئەم دەڤەرە ھەرچییەکیان پێیە بە پێشینەو کەسایەتی و ناوبانگی باشەوە خەرجی داھاتووی دەکەن، ھێژا «مەسعود بارزانی» لە بڵاو بوونەوەی جاروباری بەشێک لە کتێبی بیرەوەریەکانی لە میدیاکانی پارتی و ھێندێک دیداری کلیشەیی و ناپێویست و ھەڵوێستێکی ساردوسڕ بەولاوە، ھیچ دەرکەوتنێکی دیکەی لێ بەدی ناکرێت و ئەمەش بووەتە نیشانەیەکی زلی پرسیار کە داخۆم لە کامە سەرزەوینی ئەم گۆی خاکییەدا گیرساوەتەوەو چ سەرقاڵییەک وای لێ کردووە کە ئاگای لەم ھەموو سەرقاڵییەی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، نەماوە.

گەرچی ھەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی ھۆکاری کەمتر دەرکەوتنی سەرۆکی پارتی دیموکرات پاسا بدرێتەوەو ھەر بە تۆخی و پڕڕەنگی ڕابگیردرێت، بەڵام لەوە ئەچێ تای تەرازووی دوورکەوتنەوەی سەرۆک لە دنیای چالاکیی سیاسی قورستر بێت و ئەمەش ژامێکی مەترسی بۆ یەکەم پارتی دەستەڵاتداری ھەرێمی کوردستان دەژەنێت.

ھەڵبژاردن لە بەر دەم دایەو گەرچی ھەر لە ئێستاوە زۆرێک لە پارتە دەستەڵاتدارەکانی ھەرێم خۆیان بە براوەی گۆڕەپانەکە دەزانن، بەڵام خۆ حاشا لەوە ناکرێ کە جەماوەری ھەرێمی کوردستان لە بەر کۆمەڵێک دیاردەی وەک نیوەموچە، پارەی کەڵەکە کراو، گرانی و گەندەڵی، نەبوونی مافی ڕادەربڕین و بێ سەروشوێن کرانی جاروبارەی کەسایەتی و ڕۆژنامەنووسان و لە ھەمووشی ترسناکتر پاڵپشتی کردنی ھێرشی بەردەوامی وڵاتێکی بیانی بۆ سەر گوندەکانی ھەرێم و کوژران و ھەڵوەدا بوونی ئەو خەڵکە بێ دەرەتانەی کە تەنانەت حکومەتەکەی خۆشیان داڵدەیان نادات، تەنگیان پێ ھەڵچنراوەو ئەمەش وا دەکات کە ئەمجارەیان ئەگەر بڕیاری ھاتنە مەیدان بدەن، دەنگ بە لایەنێک بدەن کە تەنیا لەپشت شاشەی کۆمپیۆتێرەوە حوکومڕانی نەکات و  خەمخۆری گەلە بەشخوڕاوەکەی بێت.

دیارە لە وەھا دۆخێکیش دا ئەوەی وا پشتگری لە دەنگی ناڕازی و ھاواری لە گەروودا خنکاوی ئەوخەڵکە بێ دەرەتانە بکات چەنسێکی زیاتری بۆ بە دەستەوەگرتنی جڵەوی کاروبارو دەستەڵاتی داھاتووی ئەم ھەرێمە ستەملێکراوە دەبێت و ئەمەش ھەمان ڕاستییە کە جەمسەرەکەی دیکەی ماڵباتی «بارزانی» واتە لایەنگرانی «شێخ ئەدھەم بارزانی» لە ئێستادا دەیقۆزنەوەو بە تەمان لە پاش ساڵانێکی دوورودرێژ تەریک خرانەوەو گۆشەگیرکران لەم دەرکەوتنە تازەیەیاندا ھەم چارەنووسی خۆیان و ھەم ئەو خەڵکەی وا چاوی ھیوایان تێ بڕیون، یەکلا کەنەوە.

                                                                  بیرمەند نساری _ دانیشتووی ھەندەران

سەرپەیڤ