بێ دەنگەی بەرلین لەهەمبەر کەڵک وەرگرتن لە چەکەمەنی چێکراوی ئاڵمان لە شەڕی یەمەن
رۆژنامەیەکی چاپی ئاڵمان لەقاوی دا، بەرلین هۆگری ئەوە نییە هەتا لەبارەی پرسی کەڵک وەرگرتن لە چەکەمەنی ئەو وڵاتە لەشەڕی سەعودیەکان دژ بەخەڵکی یەمەن ، ڕوونکردنەوە بکرێ.
رۆژنامەی "فرانکفۆرتەر روندشاو"ی ئاڵمان نووسی: حکومەتی ئەو وڵاتە سەرباری ڕەخنەوگازندەی توندی گرووپە جیاجیاکان، لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ تەکنۆلۆژیا و چەکەمەنیی چێکراوی ئاڵمانیش لە شەڕی هاوپەیمانی سەعودیا دژ بە یەمەن کەڵکی لێوەرگیراوە، لێدوان ناکا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە، سەرباری ئەوەی کە حکومەتی ئیئتلافیی ئاڵمان ناردنی چەکەمەنی بۆ وڵاتانی بەشدار لەشەڕی هاوپەیمانی دژبەیەمەن ڕەت دەکاتەوە، بەڵام ئیزننامەی هەناردەکرانی چەکەمەنی بۆ عەرەبستان، ئیمارات و میسر هەروا دەردەکرێ.
"ستێفان لیبیش" لەکارناسانی پارتی چەپی ئاڵمان لە حەوتەنامەی شپیگل وێڕای ڕەخنەگرتن لە وەڵامی حکومەتی ئەو وڵاتە لەمەڕ ڕوون نەبوونی وڵاتانی بەشدار لەشەڕی یەمەن وتی: لێدوانی بێ ئاگایانەی بەرلین لەوبارەوە، کارەساتبارە.
رۆژنامەی ئاڵمانی هەروەها ڕایگەیاند: بۆ حکومەتی ئاڵمان گرینگ ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بتوانن هەروا چەکەمەنی بخەنەڕوو بۆ کەڵک وەرگیران لەشەڕی ترسناک دژ بە خەڵکی یەمەن و خەڵکی سیڤیلی یەمەن باجی ئەو ڕەوتەی بەرلین دەدەنەوە.
عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥وە وێڕای دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتە زیاتر لە ١٦هەزار کەسی کوشتووە، دەیان هەزار کەسی بریندار کردووەو بەملوێنان کەسی لە یەمەن ئاوارە کردووە.
گرینگترین دابینکەری چەکەمەنیی ئەو شەڕە، ئەمریکاو بەریتانیان بەڵام فەڕانسە و ئاڵمانیش بەشێک لە چەکەمەنیی و هەروەها تەکنۆلۆژیای سەربازی بۆ هاوپەیمانیی دژی یەمەن، دابین دەکەن.