گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل ته‌نگى به سعودیه هه‌ڵچنیوه
گه‌نده‌ڵی و وه‌رگرتنى به‌رتیل له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ران و به‌رپرسانى وه‌زاره‌ته‌کانى حکومه‌تى سعودیه‌وە تەنگی بە وڵاتەکە هه‌ڵچنیوه، له‌مانگى ڕابردوودا 250 که‌س له شه‌ش وه‌زاره‌تى جیاوازدا ده‌ستبه‌سه‌رکراون.
ده‌سته‌ى چاودێرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیی سعودیه له ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه، لە مانگی ڕابردوودا له وه‌زاره‌ته‌کانى به‌رگری، ناوخۆ، داد، ته‌ندروستى، خوێندنى باڵا و کاروبارى شاره‌وانییه‌کان 250 که‌س به‌تۆمه‌تى وه‌رگرتنى به‌رتیل و گه‌نده‌ڵی ده‌ستبه‌سه‌رکراون.
دیارترین ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى که ڕووبه‌ڕووی تۆمه‌تباره‌کان کراونه‌ته‌وه، بریتی بوون لە به‌رتیل و به‌کارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌کان و پۆسته‌کانیان بۆ کاری ساخته‌کاری و گه‌نده‌ڵی، تۆمەتبارانیش ده‌ستبه‌سه‌رکراون و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.
هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌که، له‌ماوه‌ى ئه‌و مانگه‌دا چاودێریی کاروباری شه‌ش هه‌زار و 459 که‌س کراوە و له‌کۆی تۆمه‌تبارکردنى 657 که‌سیش به‌و تۆمه‌تانه، 250 که‌سیان ده‌ستبه‌سه‌رکردووه و تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغبووەتەوە.
ده‌سته‌ى چاودێرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیی سعودیه ئاشکرایکردووه، له‌مانگى پێشووتریشدا ده‌سته‌که 172 که‌سی دیکه‌یان به تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى ده‌ستگیرکردبوو.
لاى خۆیه‌وه، ڕۆژنامه‌ى مه‌دینه بڵاویکردووه‌ته‌وه، محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ى جێنشینى وڵاته‌که ده‌یه‌وێت تاوه‌کو ساڵی 2030 چاکسازی له هه‌موو بواره‌کاندا بکات و سنوورێکیش بۆ گه‌نده‌ڵی دابنێت له سعودیه.