کانونی دوھەم 31, 2023 22:27 Asia/Tehran
  • جەختی سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئیسلامی لە جەزائیر لەسەر ڕاگیرانی دەستبەجێی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لەدژی فەلەستینییەکان

سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی حەڤدەهەمین کۆبوونەوەی یەکیەتیی شوراکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە جەزائیر جەختیان لە ڕاگرتنی دەستبەجێی تاوان و هێرشەکانی ڕژیمی زایۆنی لەدژی فەلەستینییەکان کرد.

حەڤدەهەمین کۆنفرانسی یەکێتیی پەرلەمانەکانی ڕێکخراوی وڵاتانی ئەندامی هاوکاری ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە شێوەی لێژنەگەلێکی وەک دەستەی بەڕێوەبەر، کۆمیتەی فەلەستین و لێژنەی مافی مرۆڤ، ژن و بنەماڵە دەستی بە کارەکانی کرد و ڕێوڕەسمی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ژانویە لە شوێنی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان لە شاری ئەلجەزیرە  بە ئامادەبوونی سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بەڕێوەچوو.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن، لەم بەیاننامەیەی کۆتایی حەڤدەهەمین کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئەنجوومەنەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە جەزائیر، سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئیسلامی جەختیان لە پێویستیی لابردنی گەمارۆکەی سەر کەرتی غەززە ، ڕاگرتنی ڕەوتی شارۆچکەسازیی ڕژێمی زایۆنی لە خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین و کۆتایی هێنان بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە دژی فەلەستینییەکان، کردەوە.

بەشداربووانی حەڤدەهەمین کۆبوونەوەی یەکێتیی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە جەزائیر جەختیان لە پشتیوانیی خۆشیان بۆ دۆزی فەلەستین و قودس و مافی فەلەستینییەکان کردەوە.

سەرپەیڤ