ئادار 27, 2023 22:50 Asia/Tehran
  • ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی

سەرچاوە عیبری زمانەکان باسی ڕاگیرانی دەستبەجێ و یەکجاریی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانیان کردووە دوابەدوای پەرەسەندنی نائارامییەکان و مانگرتنی فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەکە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلمەیادین ڕۆژی دووشەممە، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نائارامییەکانی لە سەرزەوییەداگیرکراوەکان و ھەڵکشانی ناکۆکی لە نێو هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری ڕژێمی زایۆنی، میدیای عیبری ڕاگرتنی دەستبەجێ و بە یەکجاریی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی «بن گوریۆن»یان ڕاگەیاند و کارمەندانی ئەم فڕۆکەخانەیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە یاسای چاکسازیی دادوەریی کابینەکەی ناتانیاهۆ مانیان گرتووە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی «بن گوریۆن» کێشەی بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نزیکەی 73 هەزار کەس لە ناوچە داگیرکراوەکان دروستکردووە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنی بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ خۆپیشاندانی گەورەی نەیارانی ناتانیاهۆ لە بەردەم کنێست، شەقامی «کابلان»یان لە تەلئەبیب داخست.

لە هەمان کاتدا سەرچاوە عیبریەکان ڕایانگەیاندووە؛ «بنیامین ناتانیاهۆ» سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنی، وتارەکەی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەو لەپاش چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە پلانی بەناو چاکسازیی دادوەری و پەرەسەندنی ناکۆکیی نێوان ئەندامانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار دواخستووە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە «ئیتامار بن گوێر» وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی کابینەکەی کردووە ئەگەر ناتانیاهۆ پلانی گۆڕانکارییە دادوەرییەکان پەسەند نەکات.

لە لایەکی دیکەوە، «ئەڤیگدۆر لیبرمان» وەزیری پێشووی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی، داوای لە ئەندامانی پارتی لیکود کردووە کە کابینەی ناتانیاهۆ هەڵبوەشێننەوە و هاوپەیمانییەکی نوێ پێکبهێنن.

سەرپەیڤ