تەخت ڕەوانچی: ئێران و فەرانسا لە سەر ئەم مەسەلە یەک بیر و ڕان کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ دانوستان نابێ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروبای ئەورووپا و ئەمریکا وتی: کاربەدەستانی فەرانسا سەبارەت بە پاراستنی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک) ، بۆ دانوستان نەبوونی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە و کاریگەری دانەنانی پرس و بابەتی دیکە لە سەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، لەگەڵ ئێران هاوبیر و ڕان.
"مەجید تەخت ڕەوانچی" ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری "کریستییەن کامبۆن" Christian Cambonی سەرۆکی کۆمیسیۆنی دەرەوەیی و بەرەڤانیی پەرلەمانی سنای فەرانسا لە پاریس لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران ، وتیشی: ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە لایەن ئەمریکاوە بنپێ کرابوون هەمووی بۆ کاربەدەستانی دەوڵەتی و پەرلەمانیی فەرانسا شی کرایەوە و کاربەدەستانی فەرەنسی ڕایانگەیاند؛ هەوڵ دەدەن ئەوە بۆ ئەمریکاییەکان ڕوون بکەنەوە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک نابێ دەسکاری بکرێت و دەبێ بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێ.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروبای ئەورووپا و ئەمریکا هەروەها وتی: هەڵوێست نواندن و پێداگری لە سەر پاراستنی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش هەنگاوێکی زۆر باشە بەڵام وڵاتانی ئەورووپایی دەبێ ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بگەیەننە قۆناغی جێبەجێ کرانەوە.
تەخت ڕەوانچی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێران و فەرانسا پێوەندیی مێژووییان هەیە و پێویستیان بەوەیە لە پرس و بابەتی جۆربەجۆردا ، ئاڵ و وێری لێژنە بکەن و لە بواری جۆر بەجۆری سیاسی، ئابووری، کەلتووری و پەرلەمانیش بیر و ڕا بگۆڕنەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: سەبارەت بە سەفەری داهاتوویی "ژان ئیڤ لۆدریان" Jean-Yves Le Drian وەزیری دەرەوەی فەرانسا بۆ تاران کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجام دەبێ، لەگەڵ کاربەدەستانی فەرەنسی وتووێژ کراوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە بە مەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی فەرانسا گەیشتە پاریس.