ته‌مووز 16, 2017 13:54 Asia/Tehran
  • ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا پرسی نوێ کردنەوەی ماوەی باری نائاسایی لێک دەداتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند؛ ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم وڵاتە لە سەر نوێ کردنەوەی ماوەی باری نائاسایی بڕیار دەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم بە گێڕانەوە لە سپۆتنیک، "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا پێی داگرت:  ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم وڵاتە لە سەر نوێ کردنەوەی ماوەی باری نائاسایی بڕیار دەدات.

حاڵەتی نائاسایی لە تورکیا پاش کودەتا سەربازیی بێ ئاکامی ١٥ی ژولایی ٢٠١٦ ڕاگەیەندراوە و تا ئێستا هەر بەردەامە.

ئەردوغان لە لێدوانێکدا بە بۆنەی یەکەم ساڵڕۆژی کودەتای بێ ئاکامی تورکیا، پێی داگرت: باری نائاسایی دیسان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا دەخرێتە بەر باس و لێکدانەوە و ئەم ئەنجومەنە بڕیاری پێویست بۆ وڵاتەکەمان دەدات.

ڕۆژی شەممە سەدان هەزار کەس لە هۆگران و  لایەنگرانی ئەردوغان لە سەرانسەری تورکیادا خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد تا لە یەکەم ساڵڕۆژی کودەتای سەربازیی بێ ئاکام، داکۆکی خۆیان لە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ڕاگەیەنن.

تورکیا پاش کودەتای سەربازیی ٢٠١٦ ئێستایش هەر حاڵەتی نائاسایی بە سەردا زاڵە. ڕەخنەگران بڕوایان وایە کە دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی ڕاگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی سەرکوت کردنی نەیاران و ڕەخنەگرانی پەرە پێداوە. دەوڵەتی تورکیا لەم ماوەیەدا هەزاران کەس لە کاربەدەستانی باڵا لە بەشی سەربازی و ناسەربازیی لە سەر کارەکەیان وەلاناوە و هەژمارێکی زیاتریشی قۆڵبەست کردوون.