تشرینی دووه‌م 12, 2017 16:26 Asia/Tehran
  • وەزیری بەرەڤانیی تورکیا: ڕەوتی کڕینی ئێس 400 لە ڕووسیا تۆکمە کراوە

وەزیری بەرەڤانیی تورکیا ڕایگەیاندووە:ڕەوتی کڕینی ئێس 400 لە ڕووسیا تۆکمە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئیران(ئیسنا) بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی ئاناتۆلی، سیستێمی ئێس 400 ی ڕووسیا لەو سیستێمە هەرە پێشکەتووە موشەکیانەی ئەم وڵاتەیە کە دەتوانێ بە سێ جۆرە موشەک ئامانجە جۆربەجۆرەکان لەوانە موشەکە باڵستیک و کروزە کان بداتە بەر پەلامار.

نورەددین جانیکلی وەزیری بەرەڤانیی تورکیا ڕایگەیاندووە: جیا لە ئێس 400 ، ڕێککەوتنی بەرایی تورکیا لەگەڵ کۆنسێرسیۆمی ئیتالی-فەرانسیی( یۆرۆسام) بە مەبەستی پەرە پێ دان ، بەرهەمهێنان و کەڵک وەرگرتن لە سیستێمەکانی بەرەڤانیی ئاسمانی لە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی  بارستاییە نیشتیمانی و نێوخۆییەکان ئەنجامی گرتووە.

نورەددین جانیکلی وەزیری بەرەڤانیی تورکیا هەروەها وتووشیەتی : ئەم وڵاتە بەدوای دەست ڕاگەییشتن بە تەکنۆلۆژیای خۆماڵیە لە بواری بەرەڤانیی ئاسمانی .

لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییەدا تورکیا بەدوای پیشەسازیی بەرەڤانیی خۆیەوە بووە لە ئاراستەی کەم کردنەوەی پێوەبەسترانی بە وڵاتانی بیانییەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنێک لە نێوان تورکیا، فەرانساو ئیتالیا لە ئاراستەی پەرە پێ دانی سیستێمی موشەکیی دژی باڵستیک واژۆ کرا. بە پێی ئەم ڕێککەوتنە پیشەسازیی بەرەڤانیی تورکیا و کۆنسێرسیۆمی باسکراو بۆ لێکدانەوەی پێداویستی و ئەوبەرایەتییەکان بەمەبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشی موشەکی باڵستیک پێکەوە هاوکاری دەکەن.