کانونی دوھەم 12, 2018 09:41 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی تورکیا: کاتی کۆتایی هاتنی قەیرانی سووریا نزیک بۆتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری ئەمریکایی نیوزویک لە چاپی دابوو، نووسی؛ بە هۆی هەشت خولی دانوستانی ئاستانە کە تورکیا، ڕووسیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران گەرەنتیان کردووە، ئاستی توند و تیژی و ئاڵۆزی لە سووریا دابەزیوە و کاتی ئەوە گەیشتوو قەیران لەم وڵاتەدا کۆتایی بێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "مەولوود چاوش ئۆغڵوو" Mevlüt Çavuşoğlu لەم وتارەدا بە ناوی "ئاشتی لە سووریا چۆن دادەمەزرێ" رایگەیاند: ئاگربڕ لە سووریا بە دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە پتەوتر بۆتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاماژە بەوەی کە ڕەوتی دانوستانی ئاستانە بووە هۆی سەر لە نوێ بووژانەوە و دەست پێبوونەوەی دانوستانەکانی ژێنێڤ پاش ١٠ مانگ قەتیسمان، وتیشی: دەبێ خولەکانی دیکەی ڕەوتی ژێنێڤیش سەر لە نوێ دەست پێ ببێتەوە و بەدواداجوونی بۆ بکرێ.

ئاگربڕێکی گشتداگر لە سووریا لە ٣٠ی دێسەمبەری ٢٠١٦ـەوە بە بەشداری و ڕێککەوتنی ئێران و ڕووسیا بە نوێنەرایەتی لە دەوڵەتی سووریا و تورکیا بە نوێنەرایەتی لە تیرۆریستانەوە دامەزراوە.

تا ئێستا هەشت خولی دانوستان لە ئاستی بانیش لە ئاستانەدا بە بەشداری شاندەکانی دەوڵەتی سووریا، ئەو بەرهەڵستکارانەی پەیمانی ئاگربڕی گشتداگریان قەبووڵ کردووە و وڵاتانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا وەکوو دەستەبەرکەری پرۆسەی ئاشتی لە سووریا بەڕێوە چوو.

ئەنجامی سەرەکیی ئەم دانوستانانە، دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە لە سووریا بووە.

 

سەرپەیڤ