هاوخەمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ دەوڵەت و خەڵکی تورکیا
تهمووز 10, 2018 07:29 Asia/Tehran
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای پەژارە دەربڕین لە ڕووداوی وەرگەڕانی شەمەندەفەر لە تورکیا کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، لەگەڵ دەوڵەت و خەڵکی تورکیا و بنەماڵەی قوربانیانی ئەم ڕووداوە، هاوخەمی دەربڕی .
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 362 موسافیر بە شەمەندەفەر بەرەو ئەستەمووڵ دەڕۆیشتن کە لە بەر وەرگەڕانی شەمەندەفەرەکە بیست و چوار کەس کوژران و 318 کەسیش بریندر بوون کە زۆرتر لە سەد کەسیان هێشتا لە نەخۆشخانەکان دان .
وەزارەتی پێوەندی و گەیاندن و گواستنەوەی تورکیا ڕایگەیاند: ئەم ڕووداوە لەبەر تێکچوونی ڕێگەی ئاسن لەبەر بارینی توندی بارانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەشی ئەورووپایی تورکیا و لە لێواری باکووریی دەریای مەرمەڕە لە 135 کیلۆمەتری ڕۆژاوای ئەستەمووڵ ڕووی داوە.