تشرینی دووه‌م 04, 2018 16:38 Asia/Tehran
  • پەروین بوڵدان: پێویستە هاوکارانمان دەستبەجێ ئازاد بکرێن

هاوسەرۆکی هەدەپە، ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە هاوسەرۆکانی پێشوو و ئەندامانی هەدەپە بە کودەتایەکی هاوشێوەی کودەتاکەی 15ـی تەمووز دادەنێت و دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنی بارمەتەگرتنە لەلایەکەوە هەوڵێک بوو بۆ پاکتاوکردنی سیاسەتی دیموکراسیانە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئۆپەراسیۆنی کۆشکی کۆماری بوو دژ بە ئیرادەی گەل.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بەبۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان و ئەندامانی هەدەپە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە ئاماژەی بەوەدا: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی دوو ساڵ پێش ئێستا ئەنجامدرا و تێیدا هاوسەرۆک و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتار و هاوسەرۆکانی شارەوانی و ئەندامە باڵاکانی سێیەمین گەورە پارتی پەرلەمانی تورکیا دەستبەسەرکران، ئۆپەراسیۆنێک بوو دژ بە سیاسەتی دیموکراسیانە. ئۆپەراسیۆنێک بوو هاوشێوەی هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەمموز. دەتوانین بڵێین لە هەمانکاتدا درێژەپێدەر و بەردەوامی هەوڵی کودەتایەکی لەوشێوەیە بوو و ئۆپەراسیۆنی بارمتەگرتن بوو. ئەو ئۆپەراسیۆنی بارمەتەگرتنە لەلایەکەوە هەوڵێک بوو بۆ پاکتاوکردنی سیاسەتی دیموکراسیانە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئۆپەراسیۆنی کۆشکی کۆماری بوو دژ بە ئیرادەی گەل".

بوڵدان گوتیشی: "لێرەوە جارێکی دیکە بانگەوازی دەکەم، پێویستە سەرجەم هاوکارانمان دەستبەجێ ئازادبکرێن. ئەم نایاساییە، ئەم نادادپەروەرییە، ئەم بێ رەوشتییە هەرچی زووترە دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت. لەکاتێکدا ئەوانەی کە لە رۆبۆسکی، رووداوەکانی گەزی و سۆما خەڵکی بێتاوانیان کوشت، ئەمڕۆ ئازادن، ئەو سیاسییانەی تەنیا لەبەر ئەوەی سیاسەتیان کردووە و پاڵپشتییان لە داواکارییەکانی خەڵک کردووە و سیاسەتی دیموکراسییانەیان بەبنەماگرتووە، بەهۆی دەربڕینی بۆچوونەکانیانەوە زیندانیکراون، دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێن".