تشرینی دووه‌م 10, 2018 18:26 Asia/Tehran
  • رەخنەی ئەردۆغان لە لێدوانی دژبەیەکی سەعوودییەکان سەبارەت بە دۆسییەی کوژرانی خاشقچی

سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕەخنەگرتن لە لێدوانی دژبەیەکی بەرپرسانی سەعوودی لەبارەی دۆسییەی کوژرانی خاشقچی ، وتی: سەعوودییەکان قسەو لێدوانەکانیان لەبارەی "جەمال خاشقچی" بەردەوام بەدرۆ دەخەنەوە.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران بەگێڕانەوە لە سەرچاوە عەرەبییەکان، "رەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: "عادڵ بن ئەحمەد جوبەیر" وەزیری دەرەوەی عەرەبستان بەرلەوە بەناوبراوی وتبوو کە کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەمووڵی تورکیا تەرمی جەمال خاشقچی ڕادەستی کەسێکی خۆجێی کردووە بەڵام وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ئێستا وەها بابەتێک بەدرۆ دەخاتەوە.

ئەردۆغان هەروەها وتی: دادئەستێنی گشتیی سەعوودیا بەمەبەستی تەگەرەنانەوە لەبەردەم ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە کوژرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەی عەرەبستان، سەردانی تورکیای کردبوو.

سەرۆک کۆماری  تورکیا وتی: ئالی سەعوود دەبێ لەهەمبەر نیازپاکیی ئانکارا بۆ ڕوونبوونەوەی ئەو دۆسییە، دادگەرانە ڕەفتار بکا دەنا شک و دڕدۆنگیی دەستتێدابوونی پاشمیری عەرەبستان لە کوژرانی خاشقچی هەروا لەسەریان دەمێنێ و ناسڕێتەوە.

ئەردۆغان هەروەها پێی داگرت؛ ئانکارا شریتی دەنگیی هاوپێوەند بە کوژرانی جەمال خاشقچی لە کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەمووڵی خستووەتە بەردەست ئینگلیز و فەڕانسەو هەروەها بەرپرسانی ئالی سەعوود.

هەرلەو پەیوەندییەشدا دادئەستێنی ئەستەمووڵ ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ لێکۆڵینەوەی پۆلیسی سزای تورکیا واپێشان ئەدا کە تەرمی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری عەرەبستانی لە ماڵی سەرکۆنسولی سەعوودیا لە ئەستەمووڵ بە ئەسید توێندراوەتەوەو پاشان خراوەتە نێو ئاوەڕۆ.

جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری رژیمی ئالی سەعوود دووی ئۆکتۆبری٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەمووڵی تورکیا، بێ سەروشوێن بوو.

بەپێی دواڕاپۆرەکان، خاشقچی بەفەرمانی محەممەد بن سەلمان پاشمیری عەرەبستان و لەلایەن دەس وپێوەندییەکانی ڕێکخراوی هەواڵگریی ئەو وڵاتە کوژراوە.