ئادار 19, 2017 12:28 Asia/Tehran
  • وادەی ترەمپ بۆ هێنانەدی سەرچەشن و مۆدێلی ئەمریکیی ئابووری

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پەیامی حەوتانەی ڕادیۆیی خۆیدا، جارێکی دیکە جەختی کرد لەسەر بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی ئەو وڵاتە. دۆناڵد ترەمپ بەئاماژە بە سەردانی ئەم دواییەی لە کارگەکانی ئۆتۆمبێل چێکردن، وتی: ئابووری ئەمریکا پێویستی بە ئۆلگو و مۆدێلێکی ئەمریکی هەیە.

هاوکات، بە لەگوشارنانی شاندی نوێنەرایەتی ئەمریکا لە دانیشتنی وەزیرانی ئابووریی گرووپی بیست لە شاری بادێن-بادێنی ئاڵمان، بۆ یەکەمجار لەو دانیشتنە، سیاستی ئابووریی داکۆکی خوازانە، ڕەخنەی لێ نەگیرا. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە ئەو گرووپە، پێکهاتوو لە گەورەترین و بەهێزترین ئابوورییەکانی جیهان، لە بەیاننامەی کۆتایی خۆیدا، جەختی نەکردەوە لەسەر تیجارەتی ئازاد.

رەوت و شێوازی حکومەتی دۆناڵد ترەمپ پێشاندەری گۆڕانی ڕوانگەی ئەمریکا بەرامبەر پرسی تیجارەتی ئازادە. لە زیاتر لە حەفتا ساڵی ڕابردوو پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانی، ئەمریکا پێشەنگی تیجارەتی ئازاد لە جیهاندا بووە.

ئەو وڵاتە بە چالاک کردن و بەکارهێنانی دۆلار وەک پارەی باو لە ئاڵووێرە جیهانیەکان و هێنانەدی دەم و دەزگەی بێرتۆن ڤوودزی وەک، سندوقی نێدەوڵەتی پارەو بانکی جیهانی، توانی نیوەی ئابووری جیهان بگرێتە دەست. لە دەیەکانی دواتردا، ئەمریکا بوو بە مەکینەی جوڵێنەری بەجیهانی کرانی ئابووریی لەڕێی ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانییەوەو کۆنترۆڵی بازاڕە جیهانیەکانی بۆ بەرهەم هێنەرانی خۆی یان بەرهەم هێنەرانی هاوبەشە سەرەکییە بازرگانییەکانی خۆی ، گرتەدەست.

بەم حاڵەشەوە، بەجیهانی کرانی ئابووریی کە لە ساڵانی سەرەتایدا، دابینکەری بەرژەوەندیی زلهێزانی جیهانی بوو، بەرەبەرە کاری کردەسەر وڵاتانی گەشەکردوو و قەیرانی ئابووری ساڵانی٢٠٠٧و ٢٠٠٨ی پەرەپێدا. ئێستا بە دەرکەوتنی کارتێکەرییە نەرێنیەکانی بەجیهانی کرانی ئابووری و بەشداربوونی دەورگێڕانی نوێ لەنێو دەسەڵاتە بازرگانییەکاندا، حکومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە، بەپێچەوانەی ڕەوتی ئێستا هەنگاو بنێت. ترەمپ بەنیازە لەپۆستی سەرۆک کۆماریی گەورەترین ئابووری یجیهان، پەیوەندییەکانی زاڵ بەسەر تیجارەتی جیهانی جارێکی دیکە بەقازانجی ئەو وڵاتە بگۆڕێ.

لەو گەڵاڵەیەی ترەمپ وەک مۆدێل و سەرچەشنی ئەمریکی ئابووریی باسی لێ دەکات، ئابووری جیهانی دەبێ لەخزمەت گەشەی ئابوریی ئەمریکا، بەهێزکرانی بەرهەم هێنانی نیشتمانی ئەو وڵاتەو ڕەخساندنی هەل و دەرفەتە نوێیەکانی کارکردندا بێ بۆ کرێکارانی ئەمریکایی.

لەڕوانگەی حکومەتی نوێی ئەمریکاوە، پەیمانە دوو قۆڵی و چەندقۆڵییەکان لەوان یاساوڕێسای زاڵ بەسەر ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی هەتا کاتێک جێی ڕێزن کە هێمنایەتی بازاڕە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر هاتنی بەرهەم و کاڵا دەرەوەییەکان، بپارێزێ و لەهەمان کاتدا، زیانبەخش نەبێ بۆ بازاڕە جیهانیەکانی ئەمریکا.

ترەمپ بەپێچەوانەی یاساوڕێساکانی ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی هەڕەشەی کردووە، سەتا ٣٥ی تارەفە بەکاردێنێ لەسەر ڕەوتی هاتنی ئۆتۆمبیلە دەرەوەییەکانی چێکراوی وڵاتانێکی وەک مەکسیک بۆ کەڵک وەرگرتن لەبازاڕگەلی ناوخۆی ئەمریکا.

هەروەها سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بێتوو کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بەدەست هێنانی سودو قازانجی زیاتر، هێڵەکانی بەرهەم هێنانیان لە ئەمریکا ببەنەدەر، دەبێ باج وپیتاکی زیاتر بدەن.

کۆشکی سپی هەروەها بۆ داکۆکی لە پیشەسازییە کۆن و لەکارکەوتوو و پیسکەرەکانی ئەمریکا، نەیاری پەیمانی گۆڕانی ئاووهەوایی پاریسە، چونکە بەبڕوای پارێزکارانی ئەمریکی، وەها پەیمانگەلێک سەرەنجام بۆ یارمەتیدانی پێشەنگ بوونی ئابووری چین، هیند و ئوروپا لەبەرامبەر ئابووریی ئەمریکا گەڵاڵەڕێژی کراون.

هەڵبەت مێژووی تیجارەت لە٥٠٠ساڵی ڕابردوودا بەجاران پێشانی داوە کە هەرکات دەسەڵاتە ئابوورییەکان بەرەو سیاسەتی داکۆکی خوازانەیان چوونەتە پێش، شەڕی نێوانیان بۆ بەرزکردنەوەی یەکجار باڵای بەرژەوەدنییە نیشتمانییەکان، حاشاهەڵنەگر بووە. دواحاڵەت و لەهەمان کاتدا، وێڕانکەرترین شەڕی سەرچاوەگرتوو لە ڕکابەرییە تیجارییەکان، لەدەیەی١٩٣٠ی لەنێوان ئەمریکاو ژاپۆن لەئاسیاو ئەمریکا- بەریتانیا لەگەڵ ئاڵمان لە ئوروپادا ڕووی داو گیانی نزیک بە ١٠٠ ملوێن کەسی گرت.

ئۆلگو و مۆدێلی ئەمریکی ئابووری جێی سەرنجی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاوێتەی دروشمی وەک "سەرەتا ئەمریکا" یان " کاڵای ئەمریکی بکڕە، ئەمریکی دامەزرێنە"یە، ئەگەر ئاوری تۆپخانەکان لەمەیدانەکانی جەنگدا بڵێسە نەسێنێ، بەڵام بێگومان شەڕی تارەفەیی و بایکۆتی ئابووری لێ دەکەوێتەوە.