تشرینی دووه‌م 03, 2017 16:00 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی نەگریسی باڵفۆڕ، پیلانی بریتانیاو داگیرکرانی سەرزەوینی فەلەستین

دووهەمی نوامبر ڕێککەوتە لەگەڵ نەودونۆهەمین ساڵگەڕی بڵاو بوونەوەی بەیاننامەی باڵفۆڕ کە بریتانیا بە گوێرەیەوە مۆڵەتی دایە جولەکە زایونییەکان هەتا سەرزەوینی فەلەستین داگیر بکەن.

ئارتور جەیمز باڵفۆڕ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی بریتانیا ڕۆژی دووهەمی نوامبری ساڵی 1917  دوای وتووێژێک کە ماوەی سێ ساڵ لە نێوان دەوڵەتی بریتانیاو جولەکە بریتانییەکان و ڕێکخراوەی زایونیزمی جیهانی بەردەوام بوو، وێڕای بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، مۆڵەتی پێکهێنانی سەرزەوینی نیشتیمانیی جولەکەکان لە فەلەستینیان بۆ لۆرد ڕۆچێڵد لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی زایونیزمی جیهانی دەرکرد.

بەیاننامەکەی باڵفۆڕ سەرچاوەو ڕیشەی سەرەکیی بەشێکی هەرە گرینگی بشێوییە ئاسایشتییەکان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایە. ئێستاکە  99 ساڵ لە دەرکرانی بەیاننامەی باڵفۆڕ لە لایەن دەوڵەتی بریتانیاوە تێ دەپەڕێت.

ئارتور جەیمز باڵفۆڕ وەزیری دەرەوەی کاتی بریتانیا

لە نەوەدو نۆهەمین ساڵگەڕی بڵاو بوونەوەی بەیاننامەی نەگریسی باڵفۆڕ، فەلەستینییەکان داوایان لە بریتانیا کردووە هەتا دان بەو هەڵەیەی خۆی دا بنێت. بەم پێیە ئەنجومەنی نیشتیمانیی فەلەستین لە بەیاننامەیەک دا تیشکی خستووەتە سەر تێپەڕینی 99 ساڵ لە بڵاو بوونەوەی بەیاننامەی باڵفۆڕ و شوێنهاتە نەگریسەکانی ئەم بەیاننامەیە بۆ فەلەستینییەکان لەوانە خاپوور کرانی نیشتیمان و هەڵوەدا بوونی گەلی چەوساوەی فەلەستین و داوای لە بریتانیا کردووە کە ئەرکە مافەوانی و ئاکارییەکانی خۆی لە هەمبەر فەلەستینییەکاندا جێبەجێ بکات.

ئەنجومەنی نیشتیمانیی فەلەستین لە بەیاننامەکەی دا داوای لە فەلەستینییەکان، وڵاتانی عەرەبی و ویژدانە ڕاچەنیوەکانی جیهان کردووە هەتا بەهاودەنگی دەوڵەتی بریتانیا بخانە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی وێڕای ڕامان و قوڵ بوونەوە سەبارەت بەو تاوانەی لە هەمبەر فەلەستینییەکاندا، دان بەو هەڵەو غەدرە مێژووییەی خۆی دا بنێ لە بارەی سەرزەوین وگەلی فەلەستینەوە کە لە هەزاران ساڵ لەمەوپێشەوە هەتاکو ئێستا لەگەڵ باب و باپیرانی خۆیاندا لەم سەرزەوینەدا ژیاون و لەم پەیوەندییەدا ڕەچاوی ویژادانمەندی و ئینساف بکات.

خۆپیشاندانی خەڵکی ئەردەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سەدەمین ساڵی ڕاگەیەندراوەکەی بالفور

لەم بەیاننامەیەدا داوا لە ئەنجومەنی عەوامی بریتانیاش کراوە کە بە کردنەوەو تاوتوێ کردنی هەمدیسانی دۆسیەی بەیاننامەی باڵفۆڕ، دەوڵەتی بریتانیا بخاتە ژێر گوشارەوە بەمەبەستی بە فەرمی ناسینی دەستبەجێی دەوڵەتی فەلەستین و پێمل کردنی بە داکۆکی لە گەلی فەلەستین لە ئاراستەی سەندنی مافەکانی و هەروەها دەرەنجام و شوێنهاتە نەرێنییەکانی بەیاننامەی باڵفۆڕ و نادادگەرییەکان سەبارەت بە مافی گەلی چەوساوەی فەلەستین لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوو قەبوڵ کات.

جێگای ئاماژەیە کە لە نەودونۆهەمین ساڵگەڕی بڵاو بوونەوەی بەیاننامەی نەگریسی باڵفۆڕ، تاقمە نیشتیمانی و ئیسلامییەکانی فەلەستین لە بەردەم نووسینگەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە غەززەدا خڕ بوونەوەو ناڕەزامەندییان دەربڕی.

کۆبوونەوەی لاوانی فەلەستینی لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئیدانە کردنی راگەیەندراوەکەی بالفور

 

 

 

سەرپەیڤ