ته‌مووز 04, 2018 13:18 Asia/Tehran
  • تاقمۆچکەی مونافقین دارەدەستی ئەمریکایە

تاقمۆچکەی تیرۆریستیی مونافقین بە تەواوی لەو ئازادیە وا لە ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەورووپا هەیەتی، کەڵکی نابەجێ وەر دەگرێ. هەر لەم پەیوەندیەدا یەکێک لە هەنگاوەکانی هەر ساڵەی ئەم تاقمۆچکەیە، بەڕێوە بردنی کۆبوونەوەی ساڵانەیە لە فەڕەنسا کە لە پێناو پڕوپاگەندەی نەرێنی بەهرەی لێ وەردەگرێ.

"ڕوودی جولیانی" پارێزەری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی پێشووی شارەوانیی نیۆیۆرک لە وتاربێژانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەی ساڵی 2018دا بوو کە وەکوو جاران، لە درێژەی سیاسەتە دژە ئێرانییەکانی واشنتۆن، بەڵێنیی گۆڕانی نیزامی ئێرانی دا بە ئامادەبووان.

کەناڵی تلەڤیزیۆنیی ئێن بی سیی ئەمریکا، ماوەیێک لەمەو پێش، بۆ یەکەم جار بە بڵاو کردنەوەی فیلمێک لەمەڕ پەیوەندی ئەندامانی دەوڵەتەکەی ترەمپ لەوانە "جان بۆلتۆن" و "ڕوودی جولیانی" لەگەڵ مونافقین و ئەو پارانەی وا لەبەرامبەر بەشداری و وتاردان لە کۆبوونەوەکانی ئەو تاقمۆچکەیە وەری دەگرن، پەردەی لا دا.

تاقمۆچکەی مونافقین ئەندامەکانی زۆر کەم بوونەتەوە و لە کۆبوونەوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، ناچار بووە تەنانەت کەسانێک بۆ بەشداری لەو کۆڕانە، بە کرێ بگرێت!

ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی تاقمۆچکەی مونافقین لە پاریس، لە ژووئەنی 2018دا نووسی: پتر لە نیوەیێک لە بەشدار بووان هاووڵاتی چێک، سلۆڤێنیا، پۆڵەندا، ئەڵمانیا و پەنابەری سووری بوون کە بە وادەی سەفەر، خۆراک و مانەوە لە پاریس، هاتبوونە شوێنی بەڕێوە چوونی ئەم کۆبوونەوانە.

"جوان ستۆکر"سەرنووسەری گۆڤاری "دیفنس پۆست" وتوویەتی کە جان بۆلتۆنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی دۆناڵد ترەمپ تاکوو ئێستا پتر لە 180 هەزار دۆڵار پارەی لەو تاقمۆچکەیە وەرگرتووە و لە بری ئەوە پڕوپاگەندەی بۆ کردوون.

بابەتی گرینگی تر ئەوەیە کە زۆرێک لە ئەندامانی ئەم تاقمۆچکەیە بەرە بەرە تەمەنیان چووەتە سەرێ و بەساڵا چوون کە ئیدی هیچ بایەخێکی وایان بۆ هەنگاوی بەکردە نییە.

ئەو تاقمۆچکەیە توانای وەرگرتنی هێزی زۆر کەمە و بۆیە ئێستاکە پتر لە هەر کاتێکی دیکە دەستی کردووەتە کاری نومایشی و ڕواڵەتی.

 

لەلایێکی دیکەشەوە بە بڵاو بوونەوەی دەق و بابەتی ڕەخنەگرانە لە دژی ئەو تاقمۆچکەیە لە میدیاکانی ئالبانی، خەڵکی ئەو وڵاتە هەرچی زیاتر لە پێشینەی جینایەتکارانەیان ئاگادار بوونەتەوە و ڕەخنە و ناڕەزامەندی لەمەڕ درێژەی بوونی مونافقین لە وڵاتی ئالبانی زیاتر بووەتەوە.

ئەنجام دەبێ بڵێین کە تاقمۆچکەی مونافقین، تاقمۆچکەیێکی مایە پووچە کە بە جاران بێدەسەڵاتییەکەی بۆ هەمووان سەلماوە.

 

 

سەرپەیڤ