کانونی یه‌که‌م 06, 2018 13:19 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان: ئێران ھاوبەشێکی ھەرە گرینگی ئەرمەنستانە

سەرۆک وەزیرانی کاتیی ئەرمەنستان ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی ڕووسیا ٢٤ بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران ھاوبەشێکی ھەرە گرینگی ئەرمەنستانە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی کاتیی ئەرمەنستان ھەروەھا تیشکی خستە سەر ڕێککەوتننامەی کاتیی پێکھێنانی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە نێوان یەکێتیی ئابووریی ئوراسیاو کۆماری ئیسلامیی ئێران و وتیشی: ئەم ڕێککەوتنە ھەلێکی ھەرە باشە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ھاوکارییەکی کاریگەر لەگەڵ یەکێتیی ئوراسیا دەست پێ بکات.

سەرۆک وەزیرانی کاتیی ئەرمەنستان بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: پەیوەندیی گەرم و گوڕ و دابی ڕزاوسێیەتی لەنێوان ئێران و ئەرمەنستان دەبێتە ھۆی بەھێز بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئوراسیا.

پاشینیان وتیشی: ئاوا ھاوکارییەک بە سەرنجدانی ئەو گرفتانەی کە ئەمریکاڵ بۆ ئێران و وڵاتانی ئوراسیا دروستی کردووە ھەلێکی لەبار بۆ ھەردووک لا دێتە ئەژمار.

ڕێککەوتننامەی کاتیی پێکھێنانی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە نێوان یەکێتیی ئابووریی ئوراسیاو کۆماری ئیسلامیی ئێران ١٧ی مانگی مەی ئەمساڵ لە شاری ئاستانە واژۆ کرا.

تیگران سەرکیسیان  سەرۆکی لێژنەی ئابووریی ئوراسیا لە ڕەوتی واژۆ کرانی ئەم ڕێککەوتننامەیە جەختی کرد، بارستایی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئابووریی ئوراسیا لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی بە 2.7 ملیارد دۆلار گەییشتووە.