کانونی یه‌که‌م 06, 2018 14:21 Asia/Tehran
  • سێناتۆرەکانی ئەمریکا بڕیارنامەیەکیان دژی موحەممەدی کوڕی سەلمان ھێنایە ئاراوە

شەش سێناتۆری ئەمریکی ڕۆژی چوارشەممە بەرنووسی بڕیارنامەیەکی بۆ تاوتوێ کران لە ئەنجومەنی سێنای ئەم وڵاتە ئامادە کردووە کە بە گوێرەیەوە موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی، وەک بەرپرسی قەیرانی مرۆڤیی یەمەن و کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری نەیاری بنەماڵەی ئالی سەعود ناسێندراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئیرنا، ئەم بڕیارنامە بێ ئەرکە لە لایەن سێناتۆرەکانی کۆماریخواز «لیندسی گراهام» Lindsey Graham، «مارک رووبیۆ» Marco Rubio، «تاد یانگ» Todd Young و سناتۆرەکانی دیموکرات «دیان فاینیشتاین» Dianne Feinstein، «ئێد مارکی» Ed Markey و «کریس کۆنز» Chris Coons ڕۆژێک دوای دانیشتنی نائاشکرا لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوەی ھەواڵگریی ئەمریکا( سی ئای ئەی) سەبارەت بە تیرۆری خاشقچی ئامادە کراوە.

لیندسی گراھام  شەوی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند ئەم بڕیارنامەیە بەبێ ھیچ جۆرە نازوڵاڵییەک و بە ڕاشکاوی پاشمیری عەرەبستان بە بەرپرسی کوژرانی خاشقچی دەزانێ.

باب کرۆکەر سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سێنای ئەمریکاش وتوویەتی: ئەم لێژنەیە ڕۆژی پێنج شەممە بۆ دەنگوەرگرتن بە مەبەستی ئامادە کردنی گەڵاڵەیەک بۆ بایکۆتکردنی عەرەبستانی سەعودی کۆ دەبێتەوە.

ئەم بڕیارنامەیە بە ئاشکرا دژی بەیاننامەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکان کە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ھیچ بلەڵگەیەک لە بارەی دەست ھەبوونی موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی لە کوشتنی جەمال خاشقچی لە بەردەست دا نییە.

ڕۆژنامەی واشێنگتۆن پۆست لەم دواییەدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە واشێنگتۆن و ڕیاز لە ھەوڵی ئەوەدان کە کوژرانی خاشقچی بە جۆرێک لێک بدەنەوە کە نکۆڵی لە ڕۆڵی بن سەلمان لەو ڕووداوەدا بکرێت.

جەماڵ خاشقچی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعودی دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن کراو دواتر ھەواڵی کوژرانی بە شێوەی فەرمیانە لە لایەن دەوڵەتی ڕیازەوە دانی پیادانرا.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوای ڕوون بوونەوەو وەڵامدانەوەی ڕاشکاوانەی ڕیازی کردووە لەم پەیوەندییەدا. ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی ڕایگەیاند: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.

ڕژێمی سەعودی ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئۆکتۆبەر دوای ١٨ ڕۆژ بێ دەنگە لێکردن و بەدرۆ خستنەوە سەرەنجام لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای جیھانی دا ئەوەی پشتراست کردەوە کە خاشقچی لە کونسولخانەی ئەم وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیادا کوژراوە.

ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.