کانونی یه‌که‌م 08, 2018 17:49 Asia/Tehran
  • کەمکرانی ڕێژەی بەرهەم هێنانی نەوتی ئۆپێک، بەرەوڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی واشنگتۆن

سەرباری زەخت وگوشاری واشنگتۆن، ئەندامانی ئۆپێک ڕەزامەندییان دەربڕی لەگەڵ کەمکرانی ئاستی بەرهەم هێنانی نزیک بە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن ئەندامانی ئۆپێک و ٤٠٠هەزار بەرمیل لە وڵاتانی نائەندامی ئۆپێک. هەروەها بەهۆی ڕەزامەندیی ئەندامانی ئۆپێک، ڕێژەی بەرهەم هێنانی ئێران پارێزراو دەبێ و پێویستیش ناکا بڕیاری کەمکرانی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت جێ بەجێ بکات.

بەپێی ڕاپۆرە بڵاوکراوەکان، فرۆشی لەڕادە بەدەری نەوت لە بازاڕ بووەتە هۆ هەتا نرخی نەوت لە ماوەی دوومانگدا زیاتر لەسەتا سی کەم بکا بەجۆرێک کە هەر بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ئێستا نزیک بە شەست دۆلار مامەڵە دەکرێ. ئەوە ئەو بابەتەیە کە ئابوریی زۆرێ لە وڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوتی خستووەتە ژێر کارتێکەری. لەو ڕووەوە بەرپرسانی ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت"ئۆپێک" و هاوبەشەکانیان کە زیاتر لە نیوەی بەرهەم هێنانی جیهانیی نەوتیان بەخۆتەرخان داوە، بۆ تاووتوێی بارودۆخی ئێستای بازاڕی نەوت، نرخی نەوت و داهاتووی بازاڕ، کۆبوونەوە.

کەمکرانی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت تەوەری ئەو دانیشتنە بوو. ژمارێک وڵاتی ئەندام خوازیاری کەمکرانی ڕێژەی بەرهەم هێنانی نەوت بۆ پاراستنی نرخەکان وپێش گرتن بە کەمکرانی زۆری نرخی نەوت بوون. بەبڕواری ژمارێک لە شرۆڤەکاران، ئەگەر ئۆپێک و هاوپەیمانانی دەیانەوێ نرخی نەوت بگەڕێننەوە بۆ نزیک بە حەفتا دۆلار، دەبێ ساڵی داهاتوو لەڕێژەی بەرهەم هێنانی رۆژانەیان، ملوێنێک و نیو بەرمیل کەم بکەنەوە دەنا لەوانەیە لەبەر فرۆشی لەرادەبەدەر، نرخی نەوت هەمدیس کەم بکات. بەم حاڵەوە، ئەو پرسە بە لەبەرچاوگرتنی زەخت وگوشارەکانی واشنگتۆن و بارودۆخی وڵاتانی ئەندام، کێشەو ئاستەنگی زۆری بەدواوە بوو.

لەلایەکی دیکەوە، پرسی بایکۆتی نەوتی ئێران لەلایەن واشنگتۆن و ئیدیعای گەیاندن بە سفری ئاستی هەناردەی نەوت بووەتە مایەی بشێوی لە بازاڕی نەوتی جیهانی. دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەو سێناریۆیە کە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی واشنگتۆن بەتایبەت عەرەبستانی سەعودی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی واشنگتۆن و هاوکاری لەگەڵ ئەوان، ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت زیاد دەکەن و داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی واشنگتۆن دەگرن، هەردەم جەختی کردووە لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت و پێش گرتن بە زیادکرانی نرخی جیهانیی نەوت. لەو ئاراستەدا لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنەش ڕاوێژکاریی بەرپرسانی ئەمریکی لەگەڵ عەرەبستان بەردەوام بوو و برایان هوکیش بەسەردان بۆ ڤیەن، لەگەڵ ژمارێک لەئەندامانی ئۆپێک دانوستانی کرد. ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکاش لە توئیتێکدا نووسی: هیوادارم ئۆپێکە ئاستی بەرهەم هێنانی نەوت، لەو ئاستی ئێستادا بێڵێتەوە. جیهان نایەوێ یان پێویستی بەوە نییە شایەتی هەڵکشانی زیاتری نرخی نەوت بێ.

دەستتێوەردانی واشنگتۆن و هەوڵدانی بۆ خستنەژێر کارتێکەریی دانیشتنی ئۆپێک، بووە هۆ هەتا نەک هەر بەرپرسانی ئێرانی بەڵکوو ژمارێکی دیکە لە ئەندامانی ئۆپێکیش کاردانەوە پێشان بدەن و پێدابگرن لەسەر سەربەخۆیانە جوڵانەوەی ئەو ڕێکخراوە. بەجۆرێک کە عەرەبستان وەک هاوپەیمانی ناوچەیی واشنگتۆنیش لەوبارەوە هاوکاریی ئەمریکای نەکرد و هەوڵی دا بەرژەوەندییەکانی بپارێزێ.

"خالد فالح" وەزیری وزەی عەرەبستان لەوبارەوە وتی: ئەمریکا لەجێگەو شوێنێکدا نییە کە بیەوێ شێوازەکەی بەسەر ئۆپێکدا بسەپێنێ. ئێمە بۆ کەمکردنی ڕادەی بەرهەم هێنان پێویستیمان بە ئیزنی کەس نییە.

سەرباری ڕاوێژکارییەکانی واشنگتۆن لەگەڵ عەرەبستان و داواکارییەکانی ترامپ، ئێستا وڵاتانی بەرهەم هێنەری نەوت و هاوبەشەکانیان بڕیاریان داوە، ڕادەی بەرهەم هێنانی نەوتی خۆیان کەم بکەن، بڕیارێک کە نەک بەگوێرەی ویست و داوای واشنگتۆن و ترامپ نییە، بەڵکوو دەتوانرێ بە شکستێکی مەزن بزانرێ بۆ سیاسەتی دەستتێوەردەانەی ئەمریکا لەبواری نەوتدا.