کانونی دوھەم 10, 2019 08:49 Asia/Tehran
  • پەلاماردرانی باڵوێزخانەی ئێران لە لاھەی ھۆڵندا

بڕێک لە سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان شەوی پێنج شەممە باسی ھێرشی چەند کەس بۆ سەر باڵوێزخانەی ئێران لە لاھەی ھۆڵندایان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، ڕۆژنامەی ھۆڵندایی «دی تەلەگراف» لە ھەژماری توییتێڕەکەی دا گرتەیەکی بڵاو کردەوە کە نیشان دەدات ، کۆمەڵێک خەریکی ھەڵکوتانە سەر باڵوێزخانەی ئێران لە لاھەو ھەڵزنان بە شیش و شوورەکانی دان.

یەکێک لەو کەسانەی کە لەو گرتەیەدا دەردەکەوێت ئاڵایەکی بەدەستەوەیە کە لەوە ئەچێ ھی تاقمۆکەی تیرۆریستی ئەلئەحوازییە بێت.

ھۆکارانی دەست درێژکاریی سەر باڵوێزخانەکەی ئێران پەلاماری ئەو پۆلیسانەش دەدەن کە بە تەما بوون پێشیان پێ بگرن. پۆلیسی ھۆڵندا ھێندێک لەو ھێرشبەرانەی قۆڵبەست کردووە.

پەلاماردانی باڵوێزخانەی ئێران لە لاھەی ھۆڵندا ڕۆژێک دوای ئەوە ئەنجامی گرت کە یەکێتیی ئەورووپا بە پێی بانگەشەکانی د انیمارک یەکەم خولی بایکۆتەکانی دژی ئێرانی دوای ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام جێبەجێ کرد.

دانیمارک لە سیی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ بە بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو تارانی بە ئەنجام دانی ھێرشێک لە خاکی خۆی دا تۆمەتبار کرد. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەتوندی ئەو بانگەشەیەی بە درۆ خستووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی چوارشەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو ھەنگاوەی یەکێتیی ئەورووپا لە مەڕ بایکۆت کردنی ئێران لە توییتێڕەکەی دا نووسی: ئەورووپییەکان لەوانە دانیمارک و ھۆڵنداو فەرانسا داڵدەی تاقمۆکەی ڕەشەکوژی مونافیقینیان داوە کە دەستی بە خوێنی دوانزە ھەزار ئێرانی سوورەو ھاوبەشی دڕندەکارییەکانی سەددامی دیکتاتۆری لەنێو چووی عێراق دژی کوردەکانی عێراقیشە. ناوبراو پێی داگرت ئەو وڵاتە ئەورووپییانە ھەروەھا مۆڵگەی ئەو تاقمە تیرۆریستیانەشن کە لە خاکی ئەورووپاوە بۆ کوشتنی شارومەندانی بێ دەرەتانی ئێرانی بەرنامەو پیلان دادەڕێژن.