ئاب 11, 2019 08:52 Asia/Tehran
  • خەلیفە حەفتەریش بە بۆنەی جەژنی قوربان رازی بووە بە  ئاگربڕ

گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی بە فەرماندەرێتیی "خەلیفە حەفتەر" ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند؛ پێشنیارەکەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەمەڕ دامەزرانی ئاگربڕ لەم وڵاتە بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە قەبووڵ کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم گرووپە لە دەڤەری ترابلۆس لە ڕۆژی شەممەوە هەتا دووشەممە ڕادەگیردرێن تا خەڵکی لیبی بتوانن جەژنی پیرۆزی قوربان لە ئەهوەنی و ئارامیدا بدەنە سەر.

دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبی بە سەرۆکایەتیی "فائز السراجـیش شەوی شەممە رایگەیاندبوو کە  پێشنیارەکەی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ئاگربڕ لەم وڵاتەی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە قەبووڵ کردووە.

فەرمانبەرێتیی پشتیوانیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە لیبی ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە لایەنەکانی شەڕ و پێکدادان لە لیبی کردبوو ڕازی بن بە ئاگربڕێکی مرۆڤدۆستانە لەم وڵاتە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە.

ئەمڕۆ(یەکشەممە) لە لیبی جەژنی پیرۆزی قوربانە.

گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبی بە سەرکردایەتیی "خەلیفە حەفتەر" کە چەن ساڵە بە داکۆکیی عەرەبستان، میسر، ئیمارات و ژمارێک وڵاتی ڕۆژاوایی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی لیبی بە دەستەوە بووە، لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا بەرەو باکووری ئەم وڵاتە پێشڕەوی کردووە.

"خەلیفە حەفتەر"  چوارەمی ئاپریلی ئەمساڵ فەرمانی دا بە  هێزەکانی خۆی کە هێرش بکەنە سەر ترابلۆسی پێتەختی لیبی.

لە دەسپێکی ئەو پەلامارەوە تا ئێستا نزیکەی ١٠٠٠ کەس لە ترابلۆس کوژراون و زیاتر لە ٥٥٠٠ کەسیش بریندار بوونە.