ئادار 24, 2020 18:05 Asia/Tehran
  • ھەوڵی یاسادانەرانی ئەمریکی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێران لە جەنگەی قەیرانی کۆرۆنا

چەند کەسێک لە ئەندامانی سێناو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی لە ھەوڵی ئەوەدان ھەتا دەوڵەتی داناڵد ترەمپ بخەنەژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی لە جەنگەی پەتای کۆرۆنادا بایکۆتەکانی سەر گەلی ئێران ھەڵوەشێنێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی سپۆتنیک، «ئلێکساندریا ئۆکازیۆ کۆرتێز_alexandria ocasio-cortez» بە پشتگریی چەند کەسێک لە سێناتۆرەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان ڕوو لە «مایک پەمپێئۆ»و « ستیڤ مێنۆچین» وەزیرانی کاروباری دەرەوەو گەنجینەکانی ئەمریکا ئامادە کردووە کە تیای دا داوای ھەڵوەشانەوەی بایکۆتەکانی سەر گەلی ئێرانیان کردووە لە جەنگەی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

«ئیلھان عومەر_Ilhan Omar» ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاو ھەروەھا «بێڕنی سەندرێز» و «ئێلیزابێت وارن» دوو سێناتۆری باڵای ئەمریکی سەربە پارتی دیموکرات کە نامەکەیان واژۆ کردووە، ھاوڕێ لەگەڵ «ئلێکساندریا ئۆکازیۆ کۆرتێز» لە ھەوڵی ئەوەدان ھەتا داکۆکیی یاسادانەرانی دیکەی ئەمریکیش بۆ گوشارخستنە سەر دەوڵەتی ترەمپ بەدەست بھێنن.

لە نامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بایکۆتە بەربڵاوەکانی ئەمریکا بە بەرتەسک کردنەوەی ھاوردەی کاڵا و داوودەرمان و کەل و پەلی پزیشکی، زەبری لە کەرتی تەندروستیی ئێران وەشاندووە.

لەم نامەیەدا ئاماژە بۆ ڕاپۆرتەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی دامەزراوەی چاودێری مافی مرۆڤیش کراوە کە تیای دا ھاتووە: بایکۆتەکانی ئەمریکا توانایی پێکھاتەکانی ئێرانی بۆ دابین کردنی پارەی ھاوردەی کەل و پەلی مرۆڤ دۆستانە لەوانە داوودەرمان و کەرەستەی پزیشکیی بە تەواوی بەرتەسک کردووەتەوە.

لە نامەکەی سێناتۆرەکانی ئەمریکادا ھەروەھا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ھەڵگیرانی بایکۆتەکان دەبێ کەرتە گشتییە ئابوورییەکان لەوانە پیشەسازیی ناسەربازی، و کەرتی بانکی و ناردەی نەوتیش بگرێتەوەو لە سەردەمی قەیراناویی ئێستاش دا بەردەوام بێت.

پێشتریش ٢٥ ڕێکخراوەی ئەمریکی، لەوانە تاقمەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە خێرومەندەکان و ھزرگەکان لە نامەیەک دا کە بۆ داناڵد ترەمپ و ھەروەھا وەزیرانی دەرەوەو گەنجینەکانی ئەمریکایان نووسی بوو، داوایان لە دەوڵەتی واشێنگتۆن کردووە کە بە سەرنجدانی بڵاو بوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە سیاسەتەکانیاندا لە ھەمبەر ئێران بچنەوە.

لەو نامەیەش دا باسی ئەوە کرا بوو کە، کۆنترۆڵ کرانی ڤایرۆسی گشت داگرو کوشندەی «کۆڤیدی ١٩» پێویستی بە ھەوڵێکی جیھانییە، چونکو وڵاتان تەواوی بارستایی و سەرچاوەکانیان بۆ بەرنگار بوونەوەی ئەم پەتایە بەکار ھێناوە.