تشرینی دووه‌م 06, 2020 00:35 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی مشت و مڕی مافەوانی لە سەر ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی ئەمریکا

ھەربەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ مشت و مڕی مافەوانیی لێ بکەوێتەوە.

بنکەی ھەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکاو پاڵێوراوی پارتی کۆماریخواز بۆھەڵبژاردنی ئەمساڵ،ڕایگەیاند: سکاڵای زۆری بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ژماردنی دەنگەکان لە ھێندێک لە ویلایەتەکان ئاراستە کردووە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کاربەدەستە ویلایەتیەکانی بەرپرسی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لە بڕێک لە ویلایەتەکان لەوانە ویلایەتی چارەنووسسازی پێنسیلڤانیا، ماوەی ئامادە بوون لە نزیکی سندوقەکانی دەنگدان بە چاودێرانی پارتی کۆماریخواز نادەن.

دۆناڵد ترەمپ بۆخۆشی لە ماوەی ٢٤ کاژێر دوای کۆتایی ھاتنی دەنگوەرگرتن لە ڕۆژی سێھەمی نوامبەر لە لێدوان و پەیامە توییتێرییەکانی دا بەردەوام باسی گزی و ساختەکاریی بەربڵاوی لە ھەڵبزاردندا کردووە. بە تایبەت ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە دۆسیەکە ڕادەستی دیوانی باڵای ف یدراڵ دەکات.

ئەم ناڕەزامەندییانە لە کاتێکدا پەرەی سەندووە کە «جۆ بایدێن» پاڵێوراوی دیموکراتەکان لە سەروبەندی مسۆگەر کردنی ئاستی ٢٧٠ دەنگی ئلێکتراڵ دایە. ناوبراو ھەتا ئەم قۆناغە ڕەچەی زیاترین دەنگی جەماوەری لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی لانیکەم بە ٧٠ ملوێن بەشدارەوە شکاندووەو پێش بینیی ئەوەش دەکرێت کە بە تۆکمەکرانی ڕەوتی ژماردنی دەنگەکان لە ئەنجام دا دەنگی پێویست بۆ چوونەنێو کۆشکی سپی بەدەست بێنێ.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا لەوە ناچێ دانیشتووەکەی ئێستای کۆشکی سپی بەم ئاسانییە کلیلی ئەو شوێنە ڕادەستی جێگرەوەکەی بکات. ترەمپ گەلێک جار وتوویەتی کە یان لە ھەڵبژاردندا سەر دەکەوێت و یان لە ھەڵبژاردندا گزی و ساختەکاری کراوە. ھەوڵی بێ وچانیشی بۆ ناردانی دادوەرێکی بەتەواوی پارێزکار بۆ دیوانی باڵای فیدراڵ لەم بوارەدا لێک دەدرێتەوە. ترەمپ بە ھیوایە کە بە سەرنجدانی لارەسەنگیی شەش بە سێی پارێزکاران لە نێو دادوەرەکانی دیوانی باڵای فیدراڵ، بتوانێ مانەوەی لە کۆشکی سپی و پاڵ دانەوە بە کورسیی سەرۆک کۆمارەتی درێژتر کاتەوە.

لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە دیوانی باڵای فیدراڵ سەرباری زۆرتر بوونی ژمارەی دادوەرە پارێزکارەکان، لە بڕێک لە دۆسیەکاندا لەوانە پرسی وەرگیرانی دەنگە پۆستییەکان لە ویلایەتی پێسیلڤانیا ھەتا سێ ڕۆژ دوای ھەڵبژاردنیش، بڕیارێکی بە پێچەوانەی حەزی ترەمپ و کۆماریخوازان گرت. لەم ڕووەوە دووریش نییە تێوەگلانی دیوانی باڵای فیدراڵ بە دۆسیەی ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠ بە قازانجی ترەمپ کۆتایی پێ نەیەت.

 

سەرپەیڤ