تشرینی یه‌که‌م 12, 2017 12:40 Asia/Tehran
  • حافز؛ باڵیۆزی ئاشتی و دۆستایەتیی ئێران و جیهان

سەرۆکی ڕێکخراوی کەلەپووری فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی ئێران وتی: حافز نەک هەر شاعیرێکی گەروەی ئیسلامی بووە بەڵکوو باڵیۆزی ئاشتی و دۆستایەتیی نێوان خەڵکی ئێران و جیهان بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەلی ئەسغەر مونسان" شەوی پێنجشەممە لە ڕێ و ڕەسمی ڕێزگرتن لە حافز لە شاری شیرازدا ، هەڵکەوتوو لە باشووری ئێران، وتیشی: حافز شاعیری ئێرانی کە لە هەموو جیهاندا بەناوبانگە، بە هێزی وشە و وتەی خۆی زاڵ بووە بە سەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و بە شیعر و هۆنراوەی جوان و دڵبزوێنی هەمووانی شەیدای خۆی کردووە.

سەرۆکی ڕێکخراوی کەلەپووری فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: حافز تەنیا هی ئێرانییەکان نییە بەڵکوو هی هەموو جیهانە و هەر لەبەر ئەوەیشە کە لە هەموو جیهاندا ناوبانگی دەرکردووە.

مونسان ڕایگەیاند: لە بەرهەمەکانی حافزدا کەلام و وتاری موتەعالی ، دەق و ناوەڕۆکی مرۆیی، ئیلاهی و ئەخلاقی دەبینین کە نیگەرانیی هەر هەموو مرۆڤایەتییە و هەر لەبەر ئەوەیشە کە هەموو جیهان حافز دەناسن و لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای جیهانیشدا بە تێفکرین و توێژینەوەی قووڵ لە بەرهەمەکانی حافز، کتێبی زۆریان سەبارەت بەو نووسیوە.

٢٠ی ڕەزبەر (١٢ی ئۆکتۆبەر) لە رۆژژمێری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕۆژی ڕێزدانان بۆ حافزی شیرازی  ناودێڕ کراوە.

"خاجە شەمسەدین موحەممەد بن بەهائەددین موحەممەد حافزی شیرازی" شاعیری گەورەی ئێرانیی سەدەی هەشتی کۆچی (سەدەی چواردەی زایینی) و یەکێک لە ئەدیبان و بلیمەتانی بەناوبانگی جیهانییە. زۆربەی شیعرەکانی حافز غەزەڵە کە بە غەزەڵیاتی حافز بەناوبانگە.