تشرینی دووه‌م 01, 2019 15:03 Asia/Tehran
  • سنە و سلێمانی بە شارەکانی داهێنەری مۆسیقا و ئەدەب ناسێندران

ڕێکخراوی یۆنسکۆ لە ڕاگێندراوێکدا شاری سنەی وەکوو شاری ئافرێنەری مۆسیقا و شاری سلێمانیشی بە شاری ئافرێنەری ئەدەب ناساند و هەروەها شارەکانی ئیسفەهان و ڕەشت بە ریز وەک شاری ئافرێنەری دەسکار و شاری داهێنەر لە بواری خۆراک ناودێر کران.

رێکخراوی یونسکۆ هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی شارەکان، لە کۆی ۶۶ شار لە سەر ئاستی جیهان بۆ داهێنان، شاری سنە لە کوردستانی ئێران بە شاری داهێنەری مۆسیقا و شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشی بە شاری ئافرێنەری ئەدەب ناساند.

رێکخراوی یونسکۆ ئەو شارانە لە ئاستی جیهان وەک شاری داهێنەر تۆماردەکات کە لە بواری مۆسیقا، هونەری نیشتمانی، دیزاین، سینەما و ئەدەبدا داهێنان دەکەن. بەم شێوە سەرجەم ژمارەی شارە ئافرێنەر و داهێنەرەکانی ئێستای یونسکۆ گەیشتۆتە 246 شار.

بنەماڵەی کامکارەکان

ئەودری ئازولای، بەڕیوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاند: ئەو شارانەی لە لیستەی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆدا ئەندامن، هەر کام بە شێوازی تایبەت, فەرهەنگ و کەلتووریانی کردۆتە بنەمایەکی سەرەکی لە ستراتیژییەکانیدا و ئەوە لە خۆیدا لە بەرژەوەندی  سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو شارانەدایە و هەروەها بە سوودە بۆ نەوەی داهاتوویان.

لە لایەکی دیکەوە شارەوانی بە ناساندنی سنە وەک شاری کامکارەکان و عەندەلیبەکان، سەی عەلی ئەسکەر و مەزهەر خالقی و دەیان هونەرمەندی ناوازەی دیکەی بواری مۆسیقا، ڕایگەیاند: یەکێک لە پلانەکانی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی لەم قۆناغەدا تۆماری جیهانی سنە وەک شاری داهێنەر و ئافرێنەری مۆسیقا بووە کە بە پێکهێنانی کارگرووپگەلی پسپۆڕ و بەهرە وەرگرتن لە بارستا و ڕاوبۆچوونی هونەرمەندان و پیشەگەران، پڕۆپۆزاڵی ئەو پلانە ئامادە کرا و ڕەوانەی نووسینگەی یۆنسکۆ لە فەڕەنسا کرا.

حێشمەتوڵڵا سەیدی ڕاشیگەیاند: هەڵبژێردرانی شاری سنە وەکوو شاری داهێنەری مۆسیقا یەکێک لە گرینگترینی ئەو ڕووداوە فەرهەنگیانەیە کە لە داهاتوودا کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لە سەر گەشەی ژێرخانە فەرهەنگییەکان و ڕاکێشانی گەشتیاردا.

سەرپەیڤ