تشرینی دووه‌م 07, 2018 09:56 Asia/Tehran
  • کوژرانی پتر لە دووسەد لەشکریی عەرەبستان لە یەمەن

سەرتیپ یەحیا سەریع وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن شەوی چوارشەممە باسی کوژرانی زیاتر لە دووسەد کەس لە لەشکریانی سەعودیی کرد لە بەندەری حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، پەلەقاژەی بەردەوام و بێ وچانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی دەست درێژکاری سەعودی لە ژوئەنی ٢٠١٨ ەوە بۆ داگیرکردنی بەندەری حودەیدە لەگەڵ بەرخۆدانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن دا بەرەوڕوو بووەتەوە.

دوای ئەوەی کە ھەوڵی عەرەبستان و ئەمریکا بۆ دەست گرتن بە سەر تاکە ڕێگای دەستڕاگەییشتنی هێزەکانی یەمەن بە دەریای سوور لە بەندەری حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن شکستی هێنا، باسی ڕادەست کردنی ئەم بەندەرە بە لایەنێکی سێهەم لە لایەن «ئیسماعیل وەلەد شێخ ئەحمەد» نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن هاتە ئاراوە.

پێشتر ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە لایەنگری لە عەرەبستان گەڵاڵەی ڕادەست کرانی بەندەری حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن بە لایەنێکی سێهەمی هێنایە ئاراوەو عەبدڕەبە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکار کشاوەی یەمەنیش ڕەزامەندیی بۆ ڕاپەڕێندرانی ئەم گەڵاڵەیە دەربڕی و لە بەرامبەردا بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن دژایەتی لەگەڵدا کرد. جێگای ئاماژەیە ئەم بەندەرە دابینکەری سەدی هەشتای خۆراکی جەماوەری یەمەن و شوێنێکی هەستیاروگرینگە بۆ گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بە وڵاتی شەڕ تێ کەوتووی یەمەن و گواستنەوەو وەرگرتنی یارمەتییە نێونەتەوەییەکان.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و  هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

دەست درێژکاریی سەربازییانەی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەم بوونی خۆراک و داوو دەرمان کردووەتەوە.

ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتاکوو ئێستا لەبەر بەرخۆدانی جەماوەری یەمەن نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا بگەن کە ھەمان بەدەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.

 

سەرپەیڤ