شوبات 14, 2018 16:29 Asia/Tehran
  • هێرشی موشەکیی تورکیا بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی عەفرینی سووریا

لە درێژەی شاڵاوەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا، موشەک هاوێژەکانی تورکیا، ناوچە مەدەنییەکانی شاری عەفرینیان داوەتە بەر هێرش.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی میهر بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا)، دوابەدوای هێرشی موشەکیی تورکیا بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی شاری عەفرین لە باکووری سووریا، دوو کەس لەوانە کچۆڵەیەک بریندار بوونە.

میدیاکانی سووریاش باسی بەرپەرچ درانەوەی شاڵاوی تاقمە تیرۆریستەکانی هاوپەیمانی تورکیا  بۆ سەر بنکەو مەتەرێزی کوردەکانیان کردووە لە دوو تەوەرەی ئاوایی دورتاقا لە ناوچەی عەفرین. شەڕڤانانی کوردی سووریا وێڕای بەرپەرچ دانەوەی ئەم شاڵاوانە دەستیان گرتووە بە سەر تانکێکی زرێداری سوپای تورکیاش.

هاوکات کوردەکانی سووریا لە گردوپەڕی گوندی شێخ خۆرەز لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی بڵبڵ لە باکووری عەفرین بەگژ لەشکریانی تورکیاو تیرۆریستانی هاوپەیمانیان چوونەتەوە.

دامەزراوەی ناسراو بە ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریاش کە بنکەکەی لە لەندەنە ڕۆژی سێ شەممە لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆی دا ڕایگەیاند: تورکیا هەتا ئێستا بە لای کەمیەوە 202  چەکدارو هاوپەیمانی خۆی لە شاڵاوەکانی بەناو چڵەزەیتونی بۆ سەر شاری عەفرین لە دەست داوە کە بیست و نۆ کەسیان لە لەشکریانی تورکیا بوونە.

هەواڵێکی دیکە ئەوەیە ئەوەیە کە، میدیاکانی سوریا بە گێڕانەوە لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە ڕایانگەیاندووە: سەدان کەس لە ئافرەتانی عەفرینی لە سووریا ڕۆژی چوارشەممە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشی سەربازییی تورکیا بۆ سەر ئەم ناوچەیە دەستیان دایە خۆپیشاندان.

ئافرەتانی عەفرینی داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کردووە کە کۆتایی بێنن بە شاڵاوەکانی سوپای تورکیا و هێزەکانی هاوپەیمانی ئەم وڵاتە بۆ سەر عەفرین لە پارێزگای حەڵەبی سووریا. حەوتەی ڕابردووش جەماوەری عەفرین بۆ ناڕەزامەندی دەبڕین بەرامبەر بە شاڵاوی سەربازییانەی سوپای تورکیا و هاوپەیمانە تیرۆریستەکانی بۆ سەر خاکی سووریا، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

شاڵاوی سەربازییی سوپای تورکیا و ھاوپەیمانە تیرۆریستەکانی دژی کوردانی شاری عەفرین لە باکووری سووریا لەژێر ناوی چڵەزەیتوون لە ڕۆژی شەممە بیستی ژانویەی ٢٠١٨ەوە دەستی پێکراوەو ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا وێڕای ئیدانەکردنی ئەم ھێرشانە ڕایگەیاندووە: ئەو ھەنگاوەی تورکیا بەزاندنی دەستەڵات و سەروەریی نیشتیمانیی سووریا دێتە ئەژمار.

سەرپەیڤ