ئەرتەشی سوریا ، بنکە و بارەگاکانی ئەرتەشی تورکیای کوتا
ئەرتەشی سوریا لە وڵامی پەلامار بۆسەر کاروانێکی هەڵگری یارمەتی بۆ شاری عەفرین لە تێپەڕگەی زیارە لە دەوربەری باکووری حەڵەب ، بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە باکووری سوریا تۆپ باران کرد .
بە پێی راپۆرتی رۆژ ی هەینی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلعالەم ، دوای ئەوەی کە سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی گرادی تورکیا ، کاروانی هەڵگری یارمەتی مرۆیی و شاندێکی جەماوەریی کە بۆ یەکدەنگی لە گەڵ دانیشتوانی عەفرین بەرەو ئەم شارە دەچوون ، دایە بەر پەلامار ، تۆپخانەی ئەرتەشی سوریا ، بنکە و بارەگای هێزەکانی تورکی تۆپ باران کرد .
کاروانێک پێکهاتوو لە شارومەندانی کوردی دانیشتووی شاری حەڵەب بیستی شوبات گەیشتە ناوچەی عەفرین تا یەکدەنگیی خۆی لە گەڵ دانیشتوانی عەفرین لە بەرامبەر پەلامارەکانی تورکیا رابگەیەنێ .
هەڵمەتی سەربازیی ئەرتەشی ترکیا لە شاری عەفرینی سوریا لە ژێر ناوی چڵە زەیتوون لە دژی هێزە کوردیەکان لە بیستی ژانیڤەریەوە دەست پێبوو . بەپێی راگەیاندنی میدیاکانی سوری ، لە دەسپێکی هەڵمەتی ئەرتەشی تورکیاوە لە عەفرین ، 171 کەسی مەدەنی کوژراون و 458 کەسیش بریندار بوونە .
بە دوای هەڵمەتی دەسدرێژکارانەی ئەرتەشی تورکیا لە شاری عەفرین ، وەزاڕەتی دەرەوەی سوریا پەلاماری ئەرتەشی تورکیا بۆسەر ئەم شارەی شەرمەزار کرد و رایگەیاند : ئەم هەنگاوەی تورکیا پێشێل کردنی سەروەری نیشتمانیی سوریایە .