ئادار 14, 2018 17:53 Asia/Tehran
  • ئەمریکا بەنیازی دابەشکردنی سووریایە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، دابەشکردنی سووریای بە یەکێک لە بەرنامەکانی کاربەدەستانی ئەمریکی زانی.

سێرگەیی لاڤرۆف وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش دا لەگەڵ مەولوود چاوش ئوغلو هاوتای تورکیایی خۆی لە مۆسکۆ وتی: ئەمریکییەکان بۆ دابەشکردنی سووریا و مانەوە لەو وڵاتە بەرنامەیان داڕشتووە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی : جێبەجێکرانی پیلانەکانی ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی دەوڵەتی سووریا پێشێلکردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانە.

لاڤرۆف جەختی کرد، مۆسکۆ بەتوندی سەبارەت بە پەلاکاردانی سووریا وشدار بە ئەمریکا دەدات.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: سەبارەت بە سووریاو ئاڵ و گۆڕەکانی، ڕووسیاو تورکیاو ئێران لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاستانەی پێتەختی کازاخستان و بە پێی کۆنفرانسی دانوستانە نیشتیمانییەکان لە سوچیی ڕووسیا دەجوڵێنەوە کە ئەم کۆنفرانسە لە سەر دەستی سەرۆکانی هەر سێ وڵاتەکە بەرڕێوە برا.

لاڤرۆف پێی داگرت: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە قەوقازو دەریای ڕەش و ئۆکرانیا و چالاکیی ڕێکخراوە نێونەتەوەییە جۆربەجۆرەکانی وەک ڕێکخراوەی نەتەوەکان و ڕێکخراوەی ئاسایشت و هاوکاریی ئەورووپاو ڕێکخراوەکانی دیکە وتووێژی کردووە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیاش، لەم پرێس کۆنفرانسە هاوبەشەدا وتی: بەدوای زاڵ بوون بەسەر بەشێک لە خاکی سووریادا نین و پێبەندی سەروەریی خاکی ئەو وڵاتەین.