May 26, 2018 11:30 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی بەرایی ئەمریکاو تورکیا لەسەر ئیدارەی کاروباری شاری منبەجی سووریا

ئەمریکا و تورکیا ڕایانگەیاند کە لەسەر پلانێکی ڕێگا بۆ هاوکاریی لەئاراستەی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقام لە منبەجی سووریا ڕێککەوتوون.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، وەزارەتی دەرەوەی تورکیاو باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئانکارا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە دوولایەن، "پرسە گشتییەکانی پلانی ڕێگا بۆ هاوکاریی بەمەبەستی دەستەبەرکرانی ئاسایش و سەقام لە شاری منبەجی سووریا"یان دیاری کردووە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل کۆنترۆڵی شاری منبەج لەباکووری سووریایان لەدەست دایەو ئەمریکاش لەوان داکۆکی لۆجستیکی دەکا. ئەو کردەی ئەمریکا لەگەڵ ناڕەزایەتی تورکیا بەرەوڕوو بووە.

بەپێی ئەو بەیاننامە، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکاو تورکیا، پەسەندکراوەکانی دانیشتنی کارناسیی رۆژی هەینی لەبارەی منبەج لێک دەدەنەوە.

مەولوود چاووش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە چواری ژۆئەن لەگەڵ هاوشانە ئەمریکییەکەی بۆ تاووتوێی ئەو پێشنیارانە کۆدەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا پێشتر لە سەردانی بۆ تورکیا لەگەڵ هاوشانە تورکەکەی ڕێککەوت لەسەر پێکهێنانی گرووپێکی کاری نێوان دوو وڵات بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان.

پاش دەسدرێژکاریی تورکیا بۆسەر عەفرین، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی کردبوو کە ئەو هێرشە هەتا منبەج پەرە پێ دەدات. دەسدرێژکاریی سەربازیی تورکیا بووە هۆی ئاڵۆزیی نێوان دوولایەن.