ئه‌یلوول 17, 2018 20:01 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا : واڵاکرانی بازگەو دەروازەکانی نێوان ئێراق و سووریا یەگجار پێویستە

ڕاوێژکاری ڕامیاریی سەرۆک کۆماری سووریا لەمیانەی سەردانی باڵوێزی ئێراق لە دەمشق، جەختی کرد لەسەر پێویستیی کرانەوەی بازگەکانی نێوان ئێراق و سووریا.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی مێهر بەگێڕانەوە لە ڕووسیا ئەلیەوم، "بوسەینە شەعبان" ڕاوێژکاری سیاسی و میدیایی "بەشار ئەسەد" سەرۆک کۆماری سوریا لەچاوپێکەوتن لەگەڵ "سەعد محەممەدڕەزا" باڵوێزی ئێراق لە دەمشق، پێی داگرت لەسەر گرینگیی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتی دۆست وبرادەر و کارتێکەریی ڕاستەوخۆی کرانەوەی بازگە سنوورییەکان لەسەر پەیوەندییەکان وئاڵووێرە بازرگانی وئابوورییەکانی نێوان سوریاو ئێراقیش.

لەو چاوپێکەوتنەدا باڵوێزی ئێراق لە سوریاش پێی داگرت لەسەر داکۆکیی وڵاتەکەی لە پرسە هاوپێوەندەکان بە سوریا لە کۆڕ و نێوەندە ناوچەیی و جیهانییەکان و ڕایگەیاند: ئێراق و سوریا بەرەوڕووی مەترسییەکی هاوبەش بەناوی تیرۆریزمن.

"وەلید موعەلیم" وەزیری دەرەوەی سوریاش ژۆئەنی ڕابردوو(٢٠١٨) لەپەیامێکی بۆ "ئیبراهیم جەعفەری" هاوشانە ئێراقیەکەی ، داوای لەناوبراو کردبوو، بەهاوکاریی دوولایەنە بازگە سنوورییەکانی دوو وڵات(البوکمال-القائم) لەپارێزگاکانی دێرەزوری سوریاو ئەلئەنباری ئێراق بکرێتەوە.

بازگەی سنووری "ئەلوەلید" کە لەسوریا بەناوی "ئەلتەنف" دەناسرێ، یەکێکی دیکە لە دەروازە سنوورییە گرینگەکانی نێوان سوریاو ئێراقە.

سوریا نزیکەی٦٠٠کیلۆمتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێراقدا هەیە کە بەشی زۆری ناوچەی بیاوانییە. تیرۆریستانی داعش پاش ئەوەی لەساڵی٢٠١٧ لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراق شکستیان هێنا، بەرەو ناوچە سنوریەکانی سوریا هەڵاتن.

سەرپەیڤ