کانونی یه‌که‌م 05, 2018 13:54 Asia/Tehran
  • نوێنەری تایبەتیی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا: ھەتا ئێستا ٥٠ تاقم لە ھێزەکانی یەپەگە لە منبەج چوونەتە دەرەوە

جەیمز جفری نوێنەری تایبەتیی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا بەشداریی کرد بوو لە قسەگەلێکدا وێڕای پێی داگرتن لە سەر ئەمەی کە لە ئاراستەی نەخشەی ڕێگای منبەج دا ھەتاکوو ئێستا ٥٠ تاقم لە ھێزەکانی یەپەگە لە منبەج چوونەتە دەرەوە، وتیشی: ئامانجی ئەمریکا لە سووریادا بەس شکست پێ ھێنانی داعشە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،جەیمز جفری نوێنەری تایبەتیی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا بەشداریی کرد بوو لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ھەواڵدەریی ئاناتۆلی کە پرسیی بووی ، سەرباری ڕێککەوتنەکەی تورکیاو ئەمریکا لە بارەی نەخشەڕێگای منبەجەوە سەبارەت بە چۆڵ کرانی ناوەندی منبەج لە لایەن ھێزەکانی یەپەگەوە ھێشتا بەشێک لەو ھێزانە لە نێو منبەج دان و مەترسی و ھەڕەشە بۆ تورکیا دروست دەکەن، لە لێدوانێکدا وتبووی: ئەو ئاڵ و گۆڕەی وا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن لە نزیکەوە پێ و شوێن دەگرم و ھەتا ئەم ساتە نزیکەی  ٥٠ تاقم لە ھێزەکانی یەپەگە لە منبەج چوونەتە دەرەوە. بۆ ئەوەی کە لە ناوچەکەدا ھیچ ھێرشێک بۆ سەر ھێزەکانی تورکیش ئەنجام نەگرێت، ھێزەکانی ئەمریکی لە سەرھەستن و ئامادە بوونێکی چالاکانەیان ھەیە. ئەو ناوچەیەی کە باسی دەکەین ئەھوەنی و ئاسایشتی تیادا چەسپاوە.

ناوبراو لە بارە ی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ھەمبەر کوردانی سووریاش ڕایگەیاند: تەنیا ئامانجی ئەمریکا لە سووریا شکست پێ ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعشە لەو وڵاتەداو چارەسەریی سیاسیانەی قەیرانی سووریا. ئێمە لە سووریادا ھیچ سیاسەتێکمان لە بارەی کوردو عەرەبەوە نییەو لەگەڵ ھەر تاقمێکدا کە ڕەوتی سیاسیی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی قەبووڵ بێت ھاوکاری دەکەین. لەگەڵ تەواوی ئەو تاقمانەی کە مەترسییان بۆ دراوسێکانی سووریا نەبووەو پشتگریی لع تیرۆریستان ناکەن، ھاوکاریی دەکەین.

کاربەدەستانی تورکیا لەوباوەڕەدان کە پارتەکوردییەکانی سووریا بە پشتگریی ھێندێک لە وڵاتانی بیانی لەوانە ئەمریکاو پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بە نیازی پێکھێنانی وڵات و یان ھەرێمێکی سەربەخۆی کوردنشینە لە باکووری سووریاو باشووری سنوورەکانی تورکیا.

ھەر بۆیە لە بیست و چوارەمی ئوتی ساڵی دووهەزاروپانزە بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی یاسایی سووریا بە بیانووی خەباتی دژی ئەم  پارتانە ئۆپراسیۆنی سەربازیی خۆی ناسراو بە قەڵغانی فۆرات لە سووریادا دەست پێ کرد. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا وێڕای ئیدانە کردنی پێشێلکرانی سەروەریی ئەم وڵاتە لە لایەن تورکیاوە، داوای چوونەدەرەوەی دەستبەجێی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە خاکی سووریای کردووە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوەو قەیرانی عێراقیش لە ساڵی دووهەزاروچواردەو لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی  ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدو گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە ، کە لە ئەنجامی گیان بەختکاریی سوپاو جەماوەری سووریا ئەو پیلانانەی دوژمنان پووچەڵ بووەتەوە.