کانونی یه‌که‌م 05, 2018 18:28 Asia/Tehran
  • درێژەی پێشێلکرانی ڕێککەوتنی ناوچەی بێ چەک لە ئیدلەب لەلایەن گرووپە ڕەشەکوژەکان

گرووپە تیرۆریستیەکانی جێگیر لە سوریا بەهێرش بۆسەر ناوچە ئاوەدانەکان لە گردوپەڕی باشوری ئیدلەب وگردووپەڕی باکوری حەما، درێژەیان دا بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ناوچەی بێ چەک لە ئیدلەب.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ چوارشەممەی کەناڵی ئەلعالەم بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی فەرمیی سوریا(سانا) ؛ گرووپە تیرۆریستییە جێگیرەکان لە شاری "لەتامینە" بە چەند ڕۆکێت، پەلاماری ناوچەی زلاقیات لە گردووپەڕی باکوری حەمایان دا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، یەکەکانی سوپای سوریا لە حەماش هێرشیان کردەسەر شوێنەکانی تێگرتنی رۆکێت و ژمارێک لە تیرۆریستانیان کوشت.

هەروەها یەکەیەک لە هێزەکانی سوپای سوریا، هەوڵی تاقمێکی ڕەشەکوژ کە بەنیازبوو بە ئۆتۆمبیلێک لەریفی باشوری ئیدلەب دزە بکاتە نێو یەکێک لە پێگە سەربازیەکان لە گردوپەڕی باکوری حەما، بێ ئاکام کرد.

یەکەکانی سوپای سوریا لە کاتی جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتننامەی ناوچەی بێ چەک لە ئیدلەب، هەوڵی تاقمە تیرۆریستییەکانیان لە ناوچەکانی گردوپەڕی ئیدلەب و حەما بەرەو بنکەکانی پشکنینی سوپا بەرپەرچ دایەوە.

گرووپە تیرۆریستییەکان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە شکست هێنان لە سوپای سوریاو هەروەها بەگوێرەی ڕێککەوتنی هێنانەدی ناوچەی کەم کێشە گوێزرانەوە پارێزگای ئیدلەب.