ئادار 26, 2019 14:52 Asia/Tehran
  • نوێنەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش : یەپەگە بەشدار نابێت لە دروست کردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا

جەیمس جێفری نوێنەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش جەختی کردووە کە ھێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەشدار نابێت لە دروست کردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ،جەیمس جێفری نوێنەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش ڕایگەیاند: دروست کردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا، ھێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل ناگرێتەوە.

ناوبراو جەختیشی کردووە کە، لە ئێستادا دەستیان کردووە بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا.

ئەم نوێنەرەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش ڕاشیگەیاندووە کە: لەگەڵ تورکیا کاردەکەن بۆ دروست کردنی ناوچەی ئارام بە درێژایی ناوچە سنورییەکانی سوریا و تورکیا، بەڵام ئەو ناوچە ئارامە هیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل ناگرێتەوە، چونکە تورکیا سەبارەت بە یەکینەکانی پاراستنی گەل بە گومانەو بە لقێکی سەر بە پەکەکەیان دەزانێت و بەم پێیە ئەوانیش لەو ھەستیارییەی دەوڵەتی ئانکارا تێ دەگەن و داناڵد ترەمپیش لەوبارەیەوە دڵنیایی داوەتە ئەردۆغان.

جەیمس جێفری نوێنەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە، هەوڵ دەدەن کێشەکە چارەسەر بکەن، چونکە هێزە کوردییەکان بەشێکن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات.

جەیمس جێفری وتووشیەتی: لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی ئەمریکادا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، لە ئێستادا دەستیان کردووە بە قۆناغی کشانەوە.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ١٩ی دیسامبەری ٢٠١٨ لە یادداشتێکی توییتێڕی دا بە بانگەشەی ساویلکانەی وەدی ھاتنی ئامانجەکانی واشێنگتۆن لەمەڕ شکاندنی تیرۆریستانی داعش ، فەرمانی ھەڵاتنی ھێزەکانی ئەمریکی لە خاکی سووریای دەرکرد.

ئەمریکا چەندین ساڵە بە بیانووی خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی و بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەوڵەتی سووریا ھێزەکانی لەم وڵاتەدا مۆڵ داوە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی دیمەشق گەلێک جار ئەو ھەنگاوانەی ئەمریکا لە سووریایان وەک داگیرکاری لێک داوەتەوەو ئیدانەیان کردووە.