ئاب 07, 2019 18:39 Asia/Tehran
  • لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا لانیکەم  حەوت کەس کوژران

تەقینەوەی ترۆمبیلێکی بۆمب ئاخنکراو لە شارۆچکەی « ئەلقەحتانیە»ی سەربە پارێزگای حەسەکەی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا لانیکەم حەوت کوژراوی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم ، دوابەدوای تەقینەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ترۆمبیلێکی بۆمب ئاخنکراو لە شارۆچکەی « ئەلقەحتانیە»ی سەربە پارێزگای حەسەکەی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا،لانیکەم  حەوت کەس کوژران و کۆمەڵێکی زۆریش لەوانە سێ منداڵ بریندار بوون کە ھەل و مەرجی ھێندێک لەو بریندارانە شپرزە ڕاگەیەندراوە.

تیرۆریستان لەپاش شکستە پەیتاپەیتاکانیان لە ھەمبەر سوپای سووریا، پتر لە ھەر کاتێکی تر ڕوویان لە تەقاندنەوەی گۆترەو قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا کردووە.

سەرباری سەرکەوتنی سوپای سووریا لە ڕزگار کردنی زۆربەی ناوچەکانی ئەم وڵاتە لەژێر ڕکێفی تیرۆریستان، ھێشتاش بڕێک لە تاقمە تیرۆریستییەکان لە بەشگەلێکی ئەم وڵاتەدا ئامادەن و ناوچە ئاوەدانەکان دەدەنە بەر شاڵاوو پەلاماری خۆیان.

لەم شاڵاوانەش دا ژمازرەیەکی زۆری شارومەندانی سووری بە تایبەت ئافرەتان و منداڵان کوژراون و یان بریندار بوونە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزارو یازدەوە لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لەوانە تورکیا لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە و بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە. سوپای سووریا لەم دواییانەدا بە یارمەتیی موستەشاریانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگریی ڕووسیا توانیویەتی دۆسیەی تاقمی تیرۆریستی داعش لە وڵاتەکەی دا داخات و تاقمە تیرۆریستییەکانی دیکەش خەریکی شکست ھێنانی یەکجارین و ئەمەش ھەمان بابەتە کە لە ئێستادا ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل و لایەنگرە ڕۆژئاواییەکانی لەوانە ئەمریکای  پەرۆش و نیگەران کردووە.

 

سەرپەیڤ