ئه‌یلوول 15, 2019 14:30 Asia/Tehran
  • ڕێکخراوی نەتەوەکان: جەنایەتی جەنگی ئێستایش هەر لە عەفرین بەردەوامە

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا و سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ڕاپۆرتی ٢١ لاپەڕەیی خۆیدا کە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان ئامادەی کردووە ڕایگەیاندووە کە جەنایەتی جەنگی ئێستایش هەر لە عەفرین بەردەوامە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی فورات نیوز؛ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا و سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ڕاپۆرتی ٢١ لاپەڕەیی خۆیدا بە پێداگری لەسەر بنپێ کرانی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە لایەن هێزەکانی سوپای ئازدی سووریا- سوپای تورکیاوە رایگەیاند: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بنپێ کرانی مافی مرۆڤ لە عەفرین زیاتر و زیاتر دەبێ. پرسە ئەمنییەکان کە پاش دەس بەسەردا گیرانی عەفرین لە لایەن هێزەکانی سوپای تورکیا_ سوپای ئازادی سووریا لەو شارە هاتۆتە ئاراوە، ئێستاش هەر بەردەوامە و سیاسەتی وەدەرنانی کوردەکان لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەشکەنجە و دزی لە عەفرین یەکجار زۆر بووە. چارەنووسی زۆر کەسی ڕفێندراو نادیارە و هێزەکانی سوپای ئازادی سووریا داوای پارەیەکی یەکجار زۆر لە بنەماڵە و کەس و کاری کەسانی ڕفێندراو دەکەن. ئەو کەسانەیش کە ڕەخنە لە گرووپە چەکدارەکان دەگرن و یان ئەو کەسانەی هەر لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی کوردەکانەوە لەسەر پۆست و کاریان ماونەتەوە بەردەوام وەبەر گرتن و ئەشکەنجە دەکەون. زۆرێک لە ئاسەوارە کولتووری و مێژووییەکان لە عەفرین لە لایەن گرووپە سەربازی و ملیشیاکانەوە دزراون و مافی ژنانیش ئیتر هەر بە تەواوەتی حاشای لێ دەکرێ.

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت کراوە : بەرپرسانی تورکیا لەهەمبەر ئەو کردەوە و ئاکارانەی گرووپە سەربازییەکان لە عەفرین بێدەنگەیان کردووە و هیچ بایەخێکیش نادەن بەو سکاڵا و ناڕەزایەتییانەی دژ بەوان دێتە ئاراوە . ئەم کۆمیسیۆنە نێودەوڵەتییە لە ماوەی ئەنجام دانی  لێکۆڵینەوەکەیهیچ هەنگاوێکی ئەرێنی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ کۆنترۆڵ و بەرتەسک کردنی کردەوە و ئاکاری نایاسایی و نامرۆیی گرووپە سەربازی و میلیاشیاکان نەبینیوە و ئانکارا بە هیچ لەونێ پێش بەو جەنایەتانە و بنپێ کرانی مافی مرۆڤ ناگرێ. سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی، ئیداری و دادەوانیی عەفرین لە دەستی دەوڵەتی تورکیادایە و دادوەران و دادستێنەکانی ناوچەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەس نیشان دەکرێن. فەرمانبەرانی کورد لە ئیدارەکان وەدەر دەنرێن و  لە جیاتی ئەواندا عەرەبەکان دادەمەزرێنن.