تشرینی یه‌که‌م 20, 2019 12:08 Asia/Tehran
  • دواى ئاگربەستیش تورکیا بەردەوامە لە دەست درێژکارییەکانی لە خاکی سووریادا

لە دواى راگەیاندنى ئاگربەست و وەستاندنى شەڕ لەلایەن شەڕڤانانەوە سوپای تورکیا جیا لە بەردەوامیدان بە بۆردومانەکانى،چەند کیلۆمەترێکیش پێشڕەوىی کردووە .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی سبەی ، هەرچەند ئاگربەست بۆ وەستانى شەڕ ڕاگەیەندراوە، بەڵام سوپاى تورکیا بەردەوامە لە سنوور بەزاندن و لەشکرکێشان و بەپێى زانیارییەکان چەند کیلۆمەترێک هاتووەتە نێو شارى سەرێکانى و بە وتەى بەرپرسانى هەسەدە؛ پابەندى ئاگربەستەکە نەبووە.

بەپێى زانیارییەکان تا درەنگانێکى شەوى رابردو شەڕ و روبەڕوبونەوە لە سەرێکانێ لە نێو گەڕەکەکان بەردەوام بووە، بە شێوەیەک کە مەودای نێوان سوپاى تورکیا و شەڕڤانان لە هەندێک گەڕەک و ناوچە تەنها (30) مەتر بووە.

هاوکات، شەوى رابردو رێکخراوى خاچى سور توانى زیاتر لە (30) بریندارى سڤیل و تەرمى (4) هاوڵاتى لە سەرێکانیەوە بگەیەنێتە نەخۆشخانەکانى قامیشلۆ.

لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکارا، ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە شێوەی فەرمی و بە ھاریکاریی تیرۆریستانی ھاوپەیمانی دەوڵەتەکەی لەوانە سوپای بەناو ئازاد، فەرمانی ھێرش کردنە سەر باکووری سووریای دەرکرد کە لە ئێستاش دا ھەر بەردەوامە. 

کاربەدەستانی سووریا وێڕای ئیدانە کردنی ئەم ھێرشانە جەختیان کردووە کە سوورییەکان لە سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی خۆیان بەرەڤانی دەکەن.

ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا لەگەڵ ئیدانە کرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە . سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەندین جار سنووری سووریای بەزاندووە.

سەرپەیڤ