کانونی یه‌که‌م 02, 2019 16:05 Asia/Tehran
  • شەڕو پێکدادانی قورس لە ئیدلب

لەمیانەی تێکهەڵچوونێکی قورس لە "ئیدلب"ی سووریا نزیک بە حەفتا کەس لە هێزەکانی سوپای سووریاو هێزە بەرهەڵستکارەکان لەماوەی بیست و چوار کاژێری ڕابردوودا کوژراون.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، بەگوێرەی زانیاریە دەسخراوەکان لە ڕوانگەی سوریی مافی مرۆڤ لە شەڕ وپێکدادانەکانی ئیدلەب کە دەکرێ بە قورسترین تێکهەڵچوون دوای ڕاگەیێندرانی ئاگربڕ لە ئیدلەب ڕابگەیێندرێ، نزیک بە حەفتا کەس لە هێزەکانی سوپای سوریا وهێزە بەرهەڵستکارەکان لە بیست وچوار کاژێری رابردوودا کوژراون.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "ڕامی عەبدوڕەحمان" ئەندامی ڕوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ لە بارەی ئەو تێکهەڵچوونانە ڕایگەیاند: "سی و شەش کەس لە هێزەکانی حکومەتی ناوەندی و سی و سێ کەس لە هێزە نەیارەکان لەو تێکهەڵچوونانەدا کوژراون. بەپێی زانیاریە دەسخراوەکان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی ناوەندی پاش ئەوەی رۆژی شەممە چوار گوند لە باشوری ئیدلەبیان خستەژێر کۆنترۆڵی خۆیان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئیدلەب هێرشیان کردۆتەسەر بنکەو بارەگاکانی سوپای حکومەتی ناوەندیی سوریا. دوابەدوای ئەو پەلامارانە، پێکدادانی زۆر قورس لەنێوان دوولایەندا دروست بووە کە زیانی قورسی لەهەردوو لا داوە".

شیاوی ئاماژەیە، سەرباری ڕاگەیێندرانی ئاگربڕ لە٣١ی ئاگۆستی٢٠١٩ی زایینی لە ئیدلەب تێکهەڵچوونەکان لەو شارە درێژەی بووەو پێکدادانی ئەم دواییە یەک لە قورسترین تێکهەڵچوونەکان لە بەرواری راگەیاندنی ئاگربڕەوە تائێستا بووە.