May 21, 2018 16:42 Asia/Tehran
  • قاسمی: ئوروپا ئەو دەستەبەرییە بدات کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی دابین دەکا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئوروپا لەو کاتە کەمەی لەبەردەمدایە، دەبێ ئەو دەستەبەرییە بدات کە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی دابین دەکات.

بەپێی راپۆری بەشی دەرەوەسنووریی ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسی حەوتانەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لە وەڵامدانەوە بەو پرسیارە کە ئاخۆ بەچوونەدەری ئەمریکا لەڕێککەوتنی ناڤۆکی کۆمپانیا زەبەلاحە ئوروپیەکان پەیوەندیان لەگەڵ ئێران دەپچڕێنن و داواکارییەکانی ئێران بە ئامادەبوونی کۆمپانیای بچووک دابین دەبێ، وتی: پاش چوونەدەری ئەمریکا بارودۆخی نوێ بەدیهات و بەسەرنجدان بە هۆگریی و ئیرادەی گشت لایەنەکان بۆ درێژەپێدانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، دانوستان لەوبارەوە بەردەوامە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دەستەبەریی ئوروپییەکان لەمەڕ ژیانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی پێی داگرت: تەنیا قسەکردن بەس نییەو گرینگ ئەوەیە کە بەکردەوە ڕوو بدات.

قاسمی هەروەها لەبارەی داوای ڕووسیا بۆ چوونەدەری هەموولایەنە دەرەوەییەکان لە سووریا، وتی: هیچ وڵاتێک ناتوانێ ئێران ناچاربکات لە سووریا بچێتەدەر، کۆماری ئیسلامی، وڵاتێکی سەربەخۆیەو ئامادەبوونی ئێران لە سووریا لەسەر بانگهێشتنی دەوڵەتی یاسایی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەوانەی دەبێ لەسووریا بچنەدەر کە بێ ئیزن و ڕەزامەندیی دەوڵەتی یاسایی ئەو وڵاتە دەسدرێژیان کردەسەر خاکی سووریا، وتی: تاکاتێک کە دەوڵەتی سووریا بیەوێ ئێران درێژە دەدا بە یارمەتییەکانی.

قاسمی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق و درێژەی هاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران-بەغدا وتی: ئامادەبوونی ئابووری لە عێراق، پرسێکی درێژخایەنەو بە هەڵبژاردنێک گۆڕانی بەسەردانایەت.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەوەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێری دەرەوەسنووریی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن لەبارەی تۆمەت پاڵدانی ژمارێک بەرپرسی ئەفغانستانی لەمەڕ داکۆکی کردنی ئێران لە تالیبان لە هێرش کردنەسەر شاری "فراە" وتی: ئێران دەسوەردانی کاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێک ناکا، ئەوە لەکاتێکدایە کە سیاسەتی ئێران هاوکاریی هەرچی زیاتر لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستانە.

قاسمی بەئاماژە بەوەی کە هەندێ لایەن هەوڵی ئەوەدەدەن کە گیروگرفتە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان و لاوازیی ژمارێک دەم و دەزگەی ئەو وڵاتە پشت گوێ بخەن، پێی داگرت: وەها بانگەشەو ئیدیعاگەلێک لەپێناو تێکدانی پەیوەندیی شیاوی ئێران و ئەفغانستان ئەنجام دەگرێ ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕاسپێری بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکرێ هۆشیارتر بجوڵێنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ کۆریای باکوور و هەڵوێستی ئێرانیش وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لەئاشتی وئاسایش لەهەموو شوێنێک بەتایبەت نیمچەدوورگەی کۆریا داکۆکی دەکا بەڵام لێبڕاوانە ڕایدەگەیێنێ ئەمریکا هاوبەشێکی جێ متمانە نییەو ئەوانەی دەخوازن لەگەڵ ئەو وڵاتە دانوستان بکەن، دەبێ هۆشیارانە ڕەفتار بکەن.

سەرپەیڤ