عەراقچی: هەوڵەکانی ئەورووپا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێ بگاتە ڕێکاری بە کردەوە و پراکتیکاڵ
جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران بە پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەورووپا لە پێناو پاراستن و جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هیوای خواست: هەوڵەکانی ئەورووپا و فەرەنسا دەبێ بکەوێتە کەناڵی جێبەجێ کران و پراکتیکاڵەوە.
"سەید عەباس عەراقچی" ڕۆژی دووشەممە لە دیداری "فیلیپ بونکار" Philippe Bonnecarrère سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانی فەرەنسا و ئێران لەو پەرلەمانی سنای فەرەنسا و "دێلفین ئۆ" Delphine O ی سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانیی فەرەنسا و ئێران لە کۆڕی نیشتمانیی فەرەنسا National Assembly لە تاران وتی: ئێران پێشوازی دەکات لە ویست و ورەی بەرزی فەرەنسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکلایەنەخوازی و یاسا و ڕێسای واوەوڵاتی ئەمریکا.
عەراقچی وتیشی: ئەمریکا بە هەنگاوی یەکلایەنە و نایاسایی خۆی لەمەڕ چوونەدەری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ، جگە لە بنپێ کردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لایەنەکانی دیکەیش هان دەدات بەرەو بنپێ کردنی.
جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بە شی کردنەوەی سیاسەتە ناوچەییەکانی تاران ڕایگەیاند: سیاسەتی ئێران پاراستنی پاوەجێی و پەرە سەندنی ئاسایش لە ناوچەیە.
عەراقچی جەختی کرد: ئێران جگە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش وەکوو گرینگتیرین هۆکاری ناپاوەجێی ناوچە، نەیارەتیشی دەربڕی بەرامبەر بە پارچە پارچە کردنی وڵاتان و گۆڕینی سنوورەکان لە ناوچە.
"فیلیپ بونکار" و "دێلفین ئۆ"ـیش لەو دیدارەدا بە پێداگری لە سەر داکۆکیی پەرلەمانی فەرەنسا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: دیتنەوەی میکانیزمێک بۆ ئاڵ و وێڕی بانکی و کەڵک وەرگرتنی ئێران لە سوود و قازانجەکانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ئەولەوییەتێکی تەواوە و فەرەنسا لێبڕاوانە هەوڵ دەدات بۆ بە ئەنجام گەیشتنی.
سەرۆکانی گرووپەکانی دۆستایەتیی پەرلەمانیی فەرەنسا و ئێران لە ئەنجومەنی سنا و کۆڕی نیشتمانیی فەرەنسا هەروەها ڕێز و سپاسیان دەربڕی لە دەوری حاشاهەڵنەگری ئێران لە خەباتی دژ بە گرووپی تیرۆریستیی داعش.